20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری ئێوە خۆش

رۆشنبیران: پەرلەمان، دەسپاكی‌و چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە بكەن
سلێــمانی

ژیان: هەڤاڵ غالب 

كەمپینێك لەسەر 20 ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری(سلێمانی) راگەیاندرا، بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانیش دەڵێـت ئەوانە كۆمەڵیك كەسی "حاقدن"و لیستێكی دیكەی چۆنیەتی خەرجیەكانی بەرێوەبەرایەتیەكە لەرێگای ژیانەوە بڵاودەكاتەوە.

حكومەتی هەرێم 20 ملیار دیناری تەرخانكرد بۆ شاری سلێمانی لەپایی نازناوی پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام خەرجكردنی پارەكە نیگەرانی رۆشنبیرانی لێكەوتەوە، لەئێستاشدا كەمپینێك تایبەت بەو پارەیە راگەیاندراوە.

كەمپینەكە لەژێر ناوی "كەمپینێك لەپێناو مافی رۆشنبیران" تیایدا هاتووە "لەوەكراوە، پاش ئەوەی خشتەی خەرجكردنی (20) ملیار دیناری بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی، بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بڵاوبوویەوە. ئێمە وەك دەستەیەك كەمپینێك رادەگەیەنین. لەهەمان كاتدا ئاگادارین ئەو بڕە پارەیە بۆ ژێرخانی كلتووری دانراوە، لەسەرخانی نۆژەنكردنەوەی هەندێك شوێندا خەرجكراوە".

لە بەشێكی تری كەمپینەكە ئاماژە بەوەشكراوە، كەوێرای گومانەكان لەشێوازی خەرجكردنەكە، لەوەش ئاگادارین كۆمەڵیك لیژنە لەسەر ئەم كەیسە و هەندێك كەیسی دیكە لەسەر بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری دەكەونە گەڕ و نامانەوێت لەو بارەیەوە بڕیاری پێشوەختە بدەین. بەڵام وەك مافێكی هونەرمەندان، رۆشنبیران، شانۆكاران و سەرجەم چینەكانی ناو رووبەری رۆشنبیری شاری سلێمانی. ئەم كەمپینە رادەگەیەنن .

رۆشنبیری سلێمانی: 64 ملیۆن دینارمان داوەتە كتێبخانەی چەمچەماڵ

كەمپینەكە داواش لەدەستەی دەستپاكی، پەرلەمان، داواكاری گشتی. لەگەڵ سەرجەم رۆشنبیران هاوكاربن، بۆئەوەی ئەو پارە بەهەدەردانە بەناوی رۆشنبیری و ژێرخانی كلتوورییەوە بیگەڕێنینەوە بۆ شوێنە راستەقینەكەی خۆی.

نەبەز گۆران، نوسەر كەبەشداری كەمپینەكەی كردووە، بۆ ژیان  خەرجكردنی ئەو 20 ملیار دینارە بە كۆمیدیا وەسفدەكات‌و دەڵێت، خەرجی بەرێوەبەری گشتی بۆ كارو چالاكی ملیارێك و 612 ملیۆنە، ئەم بەرێوەبەرە دەبێـت چ كار و چالاكیەكی كردبێت ئەم هەموو پارەیەی بۆ خەرج كراوە، یەعنی هەموو شەوێكیش گەعدەیەكی كردبێت و مەجلیسێكی گەورەشی هەبووبێـت خوانێكی رازاوەشی بۆ ئامادەكرابێت هێشتا ناتوانرێت ئەم بڕە پارەیە خەرج بكات.

بابەكر دڕەیی، بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بۆ ژیان وتی " ئەو لیستەی بڵاومان كردۆتەوە تەواوە و هیچ كەمو كورییەك لەخەرج كردنی ئەو پارەیەدا نیە و ئێمە لیستێكی تریشمان هەیە كە ملیارێك و 612 ملیۆنە بۆ 14 شار كە لەماوەی ئەو چوار ساڵ و نیوەدا خۆم سەفم كردووە".

وتیشی " بەشێك لەو خەرجیانە هەر لەسەردەمی ئێمەشدا نەبووە و یان لایەنی بریاردەر لەو پارەیە دیارە كە ئاماژەی پێكراوە وەزارەتی رۆشنبیری یان پارێزگای سلێمانیە، ئەوانەش كە قسە دەكەن ئەو كەسانەش كۆمەڵیك كەسی حاقدن".

بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی ئاشكرای دەكات تا ئێستا چەندجارێك دەستەی دەستپاكی هاتوون و هیچ گرفتێك لەو كارەدا نەبووە و ئەمەش وڵاتی دامەزراوەییە دەستپاكی و پەرلەمان دەتوانن بەدواداچوون بكەن .

لەبەرامبەردا بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی شێوازی خەرجكردنی ئەو ملیار و 612 ملیۆن دینارە لەرێگای ژیانەوە بە لیستێك دەخاتە روو .

یەكێك لەخاڵانەی لیستەكەی رۆشنبیری سلێمانی تایبەتە بە كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ و دەوترێت بڕی 64 ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە، بەڵام كتێبخانەی ناوبراو رەتی دەكاتەوە .

كاروان حمە خورشید، بەرێوەبەری كتێبخانەی چەمچەماڵ بۆ ژیان وتی " وەك كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ رایدەگەیەنین بەهیچ شێوەیەك لەدروستبوونی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا یەك دینار بۆ ئێمە سەرف نەكراوە بۆ هیچ شتێك".

كتێبخانەی چەمچەماڵ: یەك دینارمان وەرنەگرتووە

وتیشی "ئێمە بەرێوەبەرایەتیەكەشمان سەر بە كتێبخانە گشتیەكانی سلێمانیە و سەر بە رۆشنبیری سلێمانی نین و تەنها وەزارەتەكەمان یەكە و یەك دیناریش لەو پارەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ خەرج نەكراوە "

بەپێی نوسراوێكی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 4 /3 /2055 لە22 /7/2014 و ئاراستەی وەزیری وەرزش و لاوان كراوە و تیایدا پرسیارێكی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی ئاراستە كردوون و داوای وەڵامدانەوە یاخود ئامادەبونیان لەدانیشتنێكی پەرلەماندا لێ دەكات .

پرسیارەكەی سۆران عومەر دەربارەی كێشەی پرۆژەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییە لەناویاندا كارەكانی تەلاری هونەر و نۆژەنكردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی و كتێبخانەی گشتی سلێمانی و هۆڵی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان و پرۆژەی دروستكردنی شانۆی رۆمانی.

هاوكات سۆران عەمەر داوای بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو پارەیەی كە لە20 ملیار دیناری پایتەختی رۆشنبیری ماوەتەوە و گوژمەكەی زیاتر لە17 ملیار دینار بووە لەو كاتەدا .