ئەو باوکەی کوڕەکەی ڕزگار کرد لە گڕی بەنزینخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا

کارزان و کوڕەکەی

ژیان:

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو باوکێک و کوڕە هەرزەکارەکەی لە بەنزینخانەیەکی شاری چەمچەماڵ ئاگر لەجەستەیان بەربوو، ئەمڕۆ باوکی کوڕەکە بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیانی لەدەستدا.

پاش ئەوەی لە ٩ ی ئەم مانگە لەبەنزینخانەی گەرمیان لە قەزای چەمچەماڵ لەکاتی کارکردن ئاگر لە کوڕێکی ۱۳ ساڵ بەناوی پەیوەند کارزان کاکەخان بەردەبێت، باوکیشی بۆفریاکەوتنی کوڕەکەی دەچێت و هەردووکیان دەسووتێن.

دوای ڕووداوەکە دەردەکەوێت کوڕەکە ۳٥٪ جەستەی سووتاوە، و باوکیشی بەناوی کارزان کاکەخان تەمەن ۳٦ ساڵ، رێژەی زیاتری ٨۰٪ جەستەی سووتا و هەردووکیان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سووتاوی سلێمانی کران، پاش ۳ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی سلێمانی ڕوویان کردە وڵاتی تورکیا بەمەبەستی چارەسەر.

پاش ٣ رۆژ مانەوە لە تورکیا، ئەمرۆ کەسوکاری کارزان بە میدیاکانیان ڕاگەیاند، بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و و سبەینێ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی تورکیاوە تەرمەکەی ڕەوانەی کوردستان دەکرێتەوە.