"ئایفۆن لەبازاڕی كوردستان پڕفۆشترینە"

ئایفۆن

ژیان: لاپەڕی  ئابوری

١٠ی ئەم مانگە گەورە كۆمپانیای مۆبایلی جیهانی "ئایفۆن"ڤێرژنی نوێی ئایپاد‌و ئایفۆن‌و ئەپڵ ۆچ‌و بەرهەمەكانی دیكەی خستە بازاڕە، بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگەش بەرهەمەكانی لەكۆگاكانی بفرۆشرێن، بەگوێرەی ووتەی كۆمپانیا ئەسێ "هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو" هاوشێوەی هەموو وڵاتان لەكوردستانیش لەكاتی خۆیدا ئافۆن پەخش دەكرێت".

جۆری ئەو ئایفۆنەی لەكوردستان نمایشدەكرێت، هاوتای ئەو ئایفۆنەیە كەلەبریكارەكانی ئایفۆن لەسەرتاسەری جیهان دەفرۆشرێت، بەڵام نرخەكەی جیاوازی هەیە‌و بەرزترە لەنرخی جیهانی.

لاوە عەبدوڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ئەسێ  بۆ ژیان وتی "٢٠ی مانگ بەفەرمی كۆمپانیای ئەپڵ دەستدەكات بەفرۆشتنی جیلی نوێی ئایفۆن لەڕێگەی بریكارەكانیەوە، هاوشێوەی جیهان كۆمپانیای ئەسێ ئەو بەرهەمانەی ئایفۆنی دەبێت‌و دەیخاتە بەردەم كڕیارانی".

بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەسێ كەیەكێكە لەكۆمپانیا دیارەكانی بواری مۆبایل‌و ئەلیكترۆنیات لەكوردستان ئامادەنەبوو لەبارەی نرخەكانەوە قسەبكات، بەڵام جەختی لەسەر ئەوەكردەوە ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەوەی لەكاتی خۆیدا بەرهەمەكە بگەینن بەدەستی خوازیارانی وتی "ساڵانە ئێمە لەم كاتەدا هاوشێوەی جیهان بەرهەمی مۆبایلی ئایفۆن پەخش دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش خەڵك پێشەكی ناو دەنوسێت".

هاوشێوەی جیهان، ئێستا لەبازاڕەكانی كوردستانیش كێبركێیەكی سەخت لەنێوان مۆبایلی هواوی‌و ئایفۆندا هەیە، فرۆشی ئەم جۆرە مۆبایلانە لەبازاڕی كوردستان ڕوون نیە، بەڵام بەگوێرەی ئاماژەی كۆمپانیاكان تائێستاش بازاڕی ئایفۆن لەكوردستان گەرمە‌و هواوی نەیتوانیوە پێشی بداتەوە.

بەڕێوبەری كۆمپانیای ئەسێ لەوبارەیەوە جەختی لەسەر هەمان پرس كردەوە وتی "بەدڵنیایەوە بازاڕی ئایفۆن لەبازاڕی هیوای بەرزترە چونكە ئەوانەی ئایفۆن بەكاردەهێنن سیستمی هواوی پەسەند ناكەن، بۆیە بازاڕی ئایفۆن نەك وەكو خۆی ماوەتەوە بەڵكو بەرزبونەوەی زیاتریشی بەخۆوە بینیوە".

ئەو زیاتر ڕونكردنەوەیدا لەبارەی ئەو پرسەوە، جەختی لەسەر ئەوەكردەوە هواوی لەبازاڕی مۆبایلەكانی دیكەی بردووە نەوەكو ئایفۆن، بۆنمونە پێشتر براندی نۆكیا هەبوو ئێستا زۆر لاوازەو وتی "كێبركێكە لەگەڵ ئایفۆنە، بەڵام لەبازاڕی براندەكانی دیكەی بردووە".

بەگوێرەی  ئامارێكی نافەرمی كە پشتی بەداتاكانی كۆمپانیای ئەسێ بەستووە، مانگانە ئاڵوگۆڕی ئایفۆن لەكورستان زیاتر لە ٢ ملیۆن دۆلارە، واتە بەبەهای ٢ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی ئایفۆن لەبازاڕەكانی كوردستان دەكرێت، ئەمە جگە لەهاوردەكردن‌و هەناردەكردنی بۆ ناوخۆی هەرێم دەرەوە".

لاوە ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئەسێ ئەوەی بۆ ژیان پشتڕاستكردەوەو وتیشی "ئێستا فرۆشی ئایفۆن لەبازاڕەكانی كوردستان زیاتریشی كردووە لەو ڕێژەیە".