سابیر ئیسماعیل بۆ ژیان: هەڵبژاردنەكانی گۆڕان نایاسایین

بزووتنەوەی گۆڕان ئایندەیەكی گەش چاوەڕێی گۆڕان ناكات
دكتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان

ژیان: تەرزە عەباسی
دكتۆر سابیر ئیسماعیل، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەم چاوپێكەوتنەی ژیان باس لەهۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان لەبزووتنەوەكە‌و رۆڵ‌و پێگەی كوڕەكانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكە دەكات.

ژیان: دەستلەكاركێشانەوەتان شتێكی كتوپڕ بوو یان پێشتر بیرتان لێكردبوەوە، هۆكارەكەی چی بوو؟

 سابیر ئیسماعیل: دەستلەكاركێشانەوەكەی ئێمە كتوپڕ‌و لەپڕ نەبوو، ئێمە نزیكەی چوار ساڵ زیاترە لەگەڵ هەندێك لەبرادەرانی گردەكە كەئەوانیش هەر هاوبیری خۆمانن، من لەو باوەڕەدا نیم كەجیاوازی لەنێوان كەسەكان هەبێت، چوار ساڵە ئێمە پێیان دەڵێین، پەیڕەو‌و پڕۆگرامی بزووتنەوەی گۆڕانمان هەیە، دەستووری گۆڕانمان هەیە، یاسا‌و رێبازی كاك نەوشیروانمان هەیە، ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە رێككەوتین، هەموومان هاتین بەڵێنماندا كەبەپێی ئەو بەرنامە‌و پەیڕەو‌و دەستوورە كار بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین بزووتنەوەكە سەربخەین، سەركەوتنی گۆڕان لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە كەداوای دادپەروەریی، یەكپارچەیی‌و سەربەخۆیی خاكی كوردستان‌و سەربەخۆیی ئابووری كوردستان‌و پێكەوەژیان لەگەڵ هەموو حزبەكان دەكرد. ئەوە بەرنامەی ئێمە بوو، بەڵام بەداخەوە، لەراستیدا لەكاتی بوونی كاك نەوشیروانیشدا شتێك هەبوو، بەڵام كەس نەیدەتوانی خۆی بەدیار بخات وەك ئەوەی بڵین گروپێكی بچوكی دروستكردووە‌و باڵێكی هەیە‌و دەیەوێ شتێك بكات، ئیتر لەشەرما بێت یان لەترسا كەس ئەو بوێرییەی نەبوو. بەڵام دوای مردنی كاك نەوشیروان "هەزار رەحمەت لەگۆڕەكە"، خەڵكانێك هاتن مردنی كاك نەوشیروانیان قۆستەوە، هەمووشی بووە هۆی دروستبوونی باڵباڵێن، من وەكو خۆم‌و ئەو برادەرانەشم كەدەستیان لەكاركێشاوەتەوە هیچ یەكێكمان لەهیچ باڵێكدا نین، بەڵام ئەو گروپەی ئێمە گروپی كوردایەتی‌و گشتی‌و بەرژەوەندی گشتییە، ڕاشكاوانە قسە دەكەم، دەمتوانی منیش بچمە ناو یەكێك لەباڵەكانی بزووتنەوەكە هەر رەتم دەكردەوە، تەنانەت جارێكیان بەخودی كاك عومەرم وتوە، باڵباڵێن هەیە لەنێو بزووتنەوەكە‌و من لەهیچ باڵێكدا نیم، ئەگەر نەوشیروان مستەفا باڵی هەبێت بە مەقسەت دەیبڕم، وتی دەستت خۆش بێت، ئێمە لەبۆ بەرژەوەندی گۆڕان ئەوەمان كرد، بەڵام وەك دەبینین كەململانێیەكە بەردەوامە، ئێمە پێمان راگەیاندن لەكاتی خۆی ٢٥ كورسیمان هێنا ئێستا بووەتە ٢٤ ئێمە دەبێ بەخۆماندا بچینەوە‌و بزانین هەڵەكانمان لەكوێن؟  ئایا هەڵەكانمان لەكەسێكدایە، ئایا هەڵەكانمان لەئۆرگانێكدایە، جڤاتی گشتیە، خانەی ڕاپەراندنە یان جڤاتی نیشتمانییە یان هەر ئۆرگانێكی دیكە یاخود هەر هەموومانین، با بەخۆماندا بچینەوە، كەبەخۆماندا چووینەوە سزای خۆمان دەدەین، هەر بۆ نمونە كاك شاسوار كەتوانی ١٢ كورسی بهێنێت، بەراستی پێتان دەڵێم زۆربەی زۆری دەنگەكان هی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئێ بۆچی ئەم خەڵكە تا دوێنێ دەنگی بەئێمە دەدا‌و ئەمڕۆ دەچێت دەنگ بەو دەدات، دوایین شتیش كەئێمە هێنامانە "گۆڕێ" لەگەڵ برادەران مەسەلەی هەڵبژاردن بوو، داوامان كرد كەدەبێت هەڵبژاردن دیموكراسی بێت‌و لەخوارەوە بۆ سەرەوە بكرێت، وتمان كەنامانەوێت دەستوورێكی هەمیشەییمان هەبێت‌و دەبێت چوار ساڵ جارێك پێیدا بچینەوە‌و گۆڕانكاری تێدا بكەین، دواتر ئێمە هەر خۆمان نیە لەكوردستان حزبی دیكەمان لەگەڵدایە‌و ناكرێت دەستوورێك دابڕێژین دژی یەكێتی‌و پارتی.

هەموو شتی گۆڕان بەناوی كوڕەكانی كاك نەوشیروانە، مەعقولە بزووتنەوەیەكی 600 هەزار دەنگدەری 600 فلسی نەبێت

ژیان: دەوترێت هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی لەم كاتەدا كارێكی نائاسایی بوو، كۆمێنتی بەڕێزتان لەوبارەوە چی یە؟

سابیر ئیسماعیل: وەك ئەوەی لەسەرەوە بەكورتی ئاماژەم پێدا ئێمە وتمان كەناڕازین‌و با دەنگدانەكە لەخوارەوە بۆ سەرەوە بێت، مومكینە هەڵسوڕاوێك بەرپرسی ژوورێك بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی یان گشتی یان خانەی ڕاپەراندن زۆر ئاساییە، كێشەكە ئەوەیە ئێمە لەناو هەر حزبێك بین گۆڕان یان غەیری گۆڕان ئێمە دەبێ لەخزمەتی خەڵكی كوردستاندا بین، بۆچوونی من وایە، هیچ جۆرە دادپەروەریەكی نیشتمانی بەدی ناكەم، ئێمە وتمان ئەو هەڵبژاردنەی دەیكەن نایاساییە، چونكە جڤاتی نیشتمانی هەڵتاندەبژێرێت، جڤاتی نیشتمانیش لەدەستووردا یەكجار بۆی هەیە خانەی ڕاپەراندن هەڵبژێرێت. جڤاتی نیشتمانی خۆیی ماوەكەی تەواو بووە، دواتر ئێوە لەكاتێكدا ئەم هەڵبژاردنە دەكەن لەبەر ئەوەی ئێستا هەموو دەسەڵات لەدەست خۆتانە نەهاتۆتە جڤاتەكانیش بۆ دانانی ئەو پۆستانەی كەماوە، هەروەك ئەوەی لەگەڵ برادەرانی پارتی ڕێككەوتوون كە٦٠ پۆستیان پێ بدات لەبەشە جیاوازەكانی حكومەتدا، چۆن دەدرێت‌و چۆن ڕێككەوتوون من ناتوانم قسەی لەسەر بكەم، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو پۆستانەی كەدەدرێن بە كەسەكان دەبێت خوێندنەوەیان بۆ بكەین‌و لیژنەی تایبەتیان بۆ دابنێین، تا بزانین چەند لەتوانایاندا هەیە خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەن، چونكە ئەوانە دەچنە ناو حكومەتێك حكومەتی گۆڕان‌و یەكێتی‌و پارتیش نیە، بگرە حكومەتێكی كوردییە، ئێمە وتمان كەئێوە پۆستەكان بەكاردەهێنن‌و بەڵێنیان پێدەدەن ئەگەر ئێوە دەنگ بەئێمە بدەن دەربچین، ئەوا پۆستتان پێ دەدەین، بەڵام ئەوان هەر گوێیان لەقسەی ئێمە نەگرت، لەكۆتاییدا ناچاریان كردین  بۆ ئەوەی خۆمان دەرباز بكەین‌و لەمێژوودا شەرمەزارتری گەلەكەمان نەبین، مەبەستم لەشەرمەزارییەكە ئەوەیە ئێمە لە25 كورسی بۆ 12 كورسی شەرمەزارییەكی گەورەیە، ئەی ئەگەر ئەمجارە لەنیوەش دامانبەزاند‌و بووینە 6 كورسی، ئەی ئەوە شەرمەزاریی نیە؟ ئێمە بەرپرسیارێتیەكانمان پێیان دایەوەو دژی گۆڕانیش نین‌و دژی هیچ هەڵسوڕاوێكی گۆڕانیش نین، ئێمە كەدەردەچین سیاسەت دەكەین حزبایەتی ناكەین، بەڵام هەر یەكێك لەحزبەكان هەر لایەنێكی كوردستانی گەر كارێكی باشی كرد لەبەرژەوەندی خەڵك‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بەڵێن ئێمە پاڵپشتی دەكەین‌و دەستخۆشی لێدەكەین. 

دەنگدان بەئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەبەرامبەر پێدانی پۆستە لە كابینەی مەسرور بارزانی

ژیان: وەك خۆتان بیرتان لەوە كردووەتەوە چارەنووستان لەگەڵ كام پارت‌و لایەنی سیاسی دەبێت؟

سابیر ئیسماعیل: لەڕاستیدا نەخێر، لەبەرئەوەی زۆر ئاساییە من پێش ٣٠ ساڵ لەگەڵ پارتی بوومە، بەڵام دواتر بوومە گۆڕان دیارە ئەو كاتە گۆڕانم پێباشتر بووە‌و بەرنامەكەی گۆڕانم بۆ خەڵكی كوردستان پێ باشتر بووە، بەڵام من كەزانیم ئەو بەرنامەیە ناتوانێت خزمەت بكات لێی دێمە دەرێ، كەهاتمە دەرێ ئەمەش مانای ئەوە نیە كەمن دووبارە بگەڕێمەوە ناو پارتی دیموكرات، مانای ئەوە نیە كەمن بچم بۆ ناو یەكێتی لەبەرامبەردا پۆستم پێ بدەن، من بۆ پۆست ناچمە ناو حزب، پۆست‌و پلە ئەو كاتە خۆشە كەخەڵك هەڵتبژێرێت، كەی خەڵك پاڵی بە منەوە ناو وتی، دەبێت خزمەتمان بكەیت، ئەوكاتە دەتوانم پۆست وەربگرم. بۆیە ئێمە كەبڕیاری كۆتاییماندا جەختیشمان لەوە كردەوە كەدژ بەهیچ لایەنێك نین.

گۆڕان كار بەپەیڕەوی ناوخۆ‌و رێباز كاك نەوشیروان ناكات

ژیان: باس لەبەخششی كوڕەكانی كاك نەوشیروان دەكرێت كەدەیدەن بۆ دەنگدان بەو كەسانەی جێی پەسەندی ئەوانە، ئەمە لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

سابیر ئیسماعیل: من هەمیشە راستییەكان دەڵێم، بەئاشكرا هیچ شتێك لەو بارەیەوە نازانم رەنگە بەنهێنیش هەموو شتێك ئەگەری خۆی هەیە، بەڵام وەك ئاشكرا بڵێم ئەو دیاردەیە هەیە یان نیە من ئاگادار نیم، لەبەرئەوەی دیاردەكان لەكوردستان زۆرن پێشتر لەنێو برادەرانی پارتی‌و لەناو یەكێتی هەبوو، قسەكەت راستە مومكینە، بەڵام من نازانم كەدەیدەن بەكێ‌و چۆنی سەرف دەكەن، ئەمە پێویستی بەبەڵگە هەیە، با نمونەیەكی كورت بهێنمەوە، یەكەم كەس بووم لەكۆبوونەوەی جڤات هەستامەوە وتم، نابێت گردەكە بەناوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە بێت، لەبەرئەوەی ئەم گردە بەناوی گۆڕانەوە وەرگیراوە، چۆن دەبێت سەروەت‌و سامانی گۆڕان بەناوی منداڵەكانی نەوشیروانەوە بكرێت، بزووتنەوەیەك خاوەنی ٦٠٠ هەزار دەنگ بێت عەیبە ٦٠ فلسی پێ نەبێت. 

ژیان: پاش هەڵبژاردنەكەی سەرۆكایەتی جڤاتی گشتی بزووتنەوەكە، داهاتووی ئەو بزووتنەوەیە چۆن دەبینن؟

سابیر ئیسماعیل: لەراستیدا مەسەلەكە هەر گۆڕان نیە، هەموو حزبەكان بگرە كوردیش، ئەگەر گۆڕان لەوهەڵانەی خۆی كەئێستا بەردەوامە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام بێت، داهاتوویەكی باشی نابێت، خۆ هەر ئێمە ناڕازی نین ناڕازی لەناو سەرجەم حزبەكاندا هەیە، مومكینە ئێستا خەڵكی دیكەش دوای دەستلەكاركێشانەوەمان هەڵوێستی خۆیان هەبێت، گەر گۆڕان ئاوها كار بكات لەبەرژەوەندی تەنیا گروپێك‌و كۆمەڵە كەسێك دڵنیام لەوەی ئایندەیەكی باش چاوەڕێیان ناكات، ئەمە نەك تەنیا بۆ گۆڕان بۆ حزبەكانی دیكەش دروستە.