ئەستێرە دیارەكەی سینەمای ئێرانی كوردە

نەویـــد محەمەد زادە

ژیان: كلتور‌و ئەدەب

نەوید محەمەد زادە، ئەكتەرێكی كوردی لەدایكبووی شاری ئیلامە، لەئێستادا ئەستێرەیەكی دیاری سینەمای ئێرانییە، خاوەن هەوادارێكی زۆرە لەو وڵاتەدا، یەكەمین فیلی نمایشكراوی بەناوی (لەناو هەورەكان)بوو، دوابەدوای ئەویش بەشداری چەندین فیلمی دیكەی كردووە كەدیارترینیان فیلمەكانی (هەتاهەتایە‌و یەك ڕۆژ، توڕەیی‌و هەرا، تاسان، لانتوری، بەبێ مێژوو بەبێ نیشانە، مێشكە بچوكە ژەنگگرتووەكان...)

ئەم سینەماكارە كوردە هاوكات ئەكتەری شانۆیە‌و بەشداری لەنزیكەی (30) شانۆییدا كردووە، سەرەتای ناوبانگ پەیداكردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ فیلمی (توڕەنیم) كەبووە هۆی قسەوباسێكی زۆری بینەران ڕەخنەگرانی سینەما، ئەو خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی ئێران‌و جیهانییە، فیلمی (مەتری شەش‌و نیو) لەدەرهێنانی (سەعید رۆستایی) كەهاوكات لەگەڵ نەوید ئاكتەرێكی دیكەی كورد نواندنی تێدادەكات، ئەویش (فەرهاد ئەسڵانی)ە ئەم كەفیلمە پڕبینەرترین فیلمی سینەمای ئێرانەوە‌و دووەم پڕفرۆشترین فیلمیشە لەمێژووی (سینەمای ئێران)دا كەباس لەپۆلیسێك دەكات كەبەدوای بازرگانێكی گەورەی ماددەی هۆشبەردا دەگەڕێت، بۆ ئەوەش سەرەتا لەبەكارهێنەران‌و بازرگانە بچوكەكانەوە دەست پێدەكات تاكو دەگاتە گەورە بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر.

ئەوەشی جێگەی سەرنجە لەم فیلمەدا تەواوی ئالودەبووەكان ئاكتەر نین، بەڵكو ئالودەبووی ڕاستەقینەن، وەك دەرهێنەری فیلمەكەش دەڵێت: لەكاتی وێنەگرتندا ئالودەبووكان لەئەنجامی نەمانی ماددەی هۆشبەر هەڵهاتوون، دواتریش بەناچاری خۆمان ماددەی هۆشبەرمان بۆ پەیداكردوون بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەكارەكەدا.

ئەم فیلمە لەماوەی ڕابردوودا لەشاری سلێمانی، لەسەر شاشەی سینەما سالم نمایشكرا‌و بینەرێكی بەرچاوی هەبوو.