خوێندكاران داواى كردنه‌وه‌ى كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی مه‌خمور ده‌كه‌ن

نوێنەری خوێندکاران و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌

ژیان:

خوێندكارانی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی مه‌خمور، داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆلێژه‌كه‌یان ده‌كه‌ن بۆ قه‌زای مه‌خمور بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایه‌كیان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ ١٦-٩-٢٠١٩ ئه‌حمه‌د عومه‌ر نوێنه‌ری خوێندكارانی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاى مه‌خمور له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،  له‌ ساڵی ٢٠١٧ و دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان هاتنه‌ قه‌زاكه‌، كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی مه‌خمور داخرا و له‌وكاته‌وه‌ خوێندكارانی كولێژه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌وام ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ داوایان له‌ په‌رله‌مان كرد جارێكی دیكه‌ كۆلێژه‌كه‌یان له‌ مه‌خمور بكرێته‌وه‌.

وتیشی، داوامان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان کرد هەوڵبدەن جارێکی دیکە کۆلێژی پەروەردەی مەخمور سەر بەزانکۆی سەلاحەدین له‌ مه‌خمور بكرێته‌وه‌ و خوێندکارانی بگەڕێنەوە بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مه‌خمور درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن.

هاوكات گه‌لاوێژ عوبێد بڕیارده‌ری لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لەوبارەیەوە رایگه‌یاند، قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت ده‌كه‌ن و بڕیاریشه‌ بۆ ئاساییكردنه‌ی دۆخى ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، شاندێك بچێته‌ به‌غدا.