پەرلەمانی عێراق داوای داهاتی دەروازە سنوریەكانی هەرێم دەكات


ژیان: 
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران داوای داهاتی دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و لەو بارەیەوە چەند پرسیارێكی ئاراستە دەكات. 
هودا سەجاد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نوسراوێكی فەرمی سێ پرسیاری ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و داوای داهاتوو كاروبارەكانی دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. 

ناوبراو لە نوسراوەكەیدا پرسیار لە عادل عەبدول مەهدی دەكات و دەڵێت: داواكارین ژمارە و ناوی ئەو دەروازە زەمینی و ئاسمانیانەمان پێبدەیت كە دەكەونە ھەرێمی كوردستانەوە، بە دەروازە فەرمی ونافەرمیەكانەوە. 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران داواش دەكات سەرۆك وەزیران داھاتی ساڵانەی دەروازە زەمینییەكانی ھەرێمیان بۆ رونبكاتەوە و پێیان بڵێت چەندە. 

هودا سەجاد دەپرسێت: لەسەر چ بنەمایەكی یاسایی نوسینگەی پشكنەری گشتی لە دەستەی دەروازەكان دامەزرێنراوە؟ ھەرچەندە لە یاساكەیدا ئاماژە بە دامەزراندنی ئەو نوسینگەیە نەكراوە.