گۆڕان: پەیوەندیەكانمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بەهێزتر دەكەین


ژیان
خانەی راپەڕاندنی نوێی گۆڕان بڕیاریدا پەیوەندیەكانی لەگەڵ پارتی و یەكێتی بەهێز بكات و بەهەموو توانایەوە پشتیوانی بۆ حكومەتیش دەربڕی. 

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دوای یەكەم كۆبونەوەی خۆی راگەیەندراوێكی بلاو كردەوە و رایگەیاند: كۆبونەوەكە جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكانی كردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە كابینەی حكومەتدا. 

ئەو بزوتنەوەیە بە گرنگی دەزانێت پەیوەندی پتەوی دۆستانەی لەگەڵ هێزەكانی تری دەرەوەی كابینەی حكومەت هەبێت و دەشلێت "خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە ئەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی".

بزوتنەوەكە ئەوەشی راگەیاندووە كە "پشتگیری تەواوی كابینەی حكومەت ئەكات" و دەشڵێت "پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن".