پۆتین و ئەردۆغان و رۆحانی باسیان لە چی کرد؟

دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ

ژیان:

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکانی هەرسێ وڵاتی تورکیا و ڕووسیا و ئێران لە ئەنکارای تورکیا بەڕێوەچوو، کە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیش بریتیبوون لە کێشەکانی سووریا و ناوچەی ئارام لەو وڵاتە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، گرنگترین دەستووری کاری ئێمە ئەوەیە سەیری ئەنجامەکانی هەوڵ وکۆششی چەند ساڵی ڕابردوومان بکەین کە بۆ سووریا ئەنجاممان داوە. بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم، هاوکاری کردنی ئاوارەکان لەهەموو بوارێکەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەوکەسانەی ڕفێندراون، یارمەتیمان دەدات تا لەمبارەوە ەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنین.

وتیشی، کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەوباوەڕەدایە کە قەیرانی سوریا تەنیا بە ڕێگەی سیاسی دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و ئەوەش پێویستی بە بەشداری کارایی یەکێتییەکانی تایبەت بە خەڵکی سوریا هەیە، حکومەت و خەڵکی سوریا دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەو باوەڕەوە بووین و دەمێنین.

هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە هەمیشە وەک خۆیان هەوڵیان داوە کە یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزن و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە لەڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەهەوڵە سێلایەنەکانی نێوانیان بۆ گەیشتن بە ناوچەی نوێ لەڕێگەی بنبڕکردنی تیرۆریزم لە ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی فورات، بەردەوام دەبن.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لەو دانیشتنەدا، ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا بە هاوتا تورکی ئێرانییەکەی ڕاگەیاند کە ڕەوشی ئیدلیب تا دێت بەرەو خراپیی دەڕوات، بە جێگەی نیگەرانی ناویبرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنە سێقۆڵیەکەیان کە تایبەت بوو بە ڕەوشی سوریا کاریگەری خۆی دەبێت بۆ هاوکاریکردنی باشتربوونی ڕەوشەکە لەو ناوچەیە.