ئەنجامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕاگەیەندا

دیمەنێک لە بەڕیوەچوونی کۆنگرەکە

ژیان:

ئەنجامی کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە - KNK) کە رۆژانی ١٤-١٥ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید لەبارەی دوین ڕەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حیزب و رێکخستنە سیاسییەکان، پسپۆڕانى بوار جیاجیاکان، مافناسان و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنی و رۆشنبیرییەکان و چەندین کەسایەتیى سەربەخۆ و رووناکبیر بەشدار بوون.

بەپێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، نابێ کۆماری ئێران لە سەر بناغەی یەک نەتەوە و یەک باوەڕی درووست بکرێت. دەبێت ئێران لە ناوخۆ دا دیموکراتیک، سکولار، ئازاد و دادپەروەر بێت.

باسیان لەوەشکردووە، بارودۆخی ئێستای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەبووڵ ناکرێت. گەلی کورد وەکوو سەرجەم نەتەوەکانی دیکە خاوەن هەموو مافە بنەڕەتییەکان و مافی دەسنیشانکردنی چارەنووسی خۆیە.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو پارت و رێکخراوو کەسایەتیەکانی رۆژهەلاتی کوردستان کرا خاوەندارێتیی لە رۆژاواو باشووری کوردستان بکەن. هەمانکات پشتگیریی خەباتی ئازادیی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بکەن.

یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی ئەنجامی کۆبوونەوەکە  باسی لە خەباتی رەوای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە لەبەرامبەر دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامیی ئێران و بەدیهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکرات و دادپەروەر.