شارەوانی لەبارەی تاسەی نایاسایی ئەم داوایە لەهاوڵاتـیان دەکات

تاسە نایاساییەکان لابران

ژیان:

شارەوانی سلێمانی لە هەڵمەتی لابردنی تاسە نایاساییەکان بەردەوامە و داوایەکیش ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات.

شارەوانی بەكرەجۆ لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لابردنی تاسەی دەستكرد و نایاسایی لە چوارچێوەی بڕیارێكی سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانیدایە و لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پاراستنی ماڵی هاوڵاتیان و دورخستنەوەیان لە زیانی ماڵی ئەو بڕیارە دراوە.

دەشڵێت، وێڕای ئەوەی ئەو هەڵمەتە جێگەی دەستخۆشی زۆربەی هاوڵاتیان بوو، بەڵام لەبەرامبەردا ژمارەیەك هاوڵاتی نیگەرانبوون بە پاساوی ئەوەی ئەو تاسانە دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی منداڵەكانیان.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، پاراستنی گیانی منداڵان لەپێشینەی كارەكانیانە و داوا لەو هاوڵاتییانە دەكەن، كە لەكۆڵانەكانیاندا تاسە دروستدەكەن، پێشتر سەردانی شارەوانی بكەن، چونكە بە ڕەزامەندی شارەوانی و بە شێوەیەكی ئەندازەیی ڕێگە بە دروستكردنی تاسە دەدەن.