شانۆیی بەنی ئادەم نمایش دەكرێت

گروپی شانۆیی گۆدۆ

ژیان: كلتور‌و ئەدەب

لەئێستادا دەستەیەك شانۆكاری گەنج سەرقاڵی پڕۆڤەكردنن لەشانۆییەكدا بەناوی بەنی ئادەم كەبەرهەمێكی نوێی گروپی شانۆی گۆدۆیە، لەپاش شانۆیی كورسییەكانەوە دەبێتە دووەم بەرهەمی شانۆیی ئەم گروپە.

تێكستی ئەم شانۆییە لەلایەن بەشداربووانی كارەكەوە ئامادەكراوە كەئەمەش تاڕادەیەك ئەزموونێكی نامۆ نییە بە شانۆی كوردی‌و پێشتریش چەندین شانۆیی لەلایەن ستافی كارەكەوە تێكستیان بۆ نووسراوە، بەڵام ئەوەی ئەم كارە لەهەندێك كاری دیكە جیادەكاتەوە بەشدابووانی ئەم كارە سەرجەمیان هێشتا خوێندكاری پەیمانگای هونەرەجوانەكانن‌و بە توانایەكی باشەوە هاتوونەتە پێش بۆ ئەنجامدانی كارێكی لەو چەشنە، هەروەها دەهێنەری كارەكەش ژیر جوتیار لەگەڵ ئەوەی هێشتا خوێندكارە، بەڵام بەسەلیقەیەكی جیاوازی دەرهێنان خەریكە ڕۆژانی پڕۆڤەی لەگەڵ بەشداربووانی شانۆییەكەدا بەڕێ دەكات.

لەبارەی تێكستی كارەكەوە ئەو دەرهێنەرە دەڵێت "بۆ ئامادەكردنی تێكستی شانۆییەكە سوودمان لەكتێبی پەیمانی كۆن/ بەشی پەیدابوون‌و هەندێك لەدەقە شیعرییەكانی داستان بەرزان وەرگرتووە".

دەربارەی شێوازی كاركردنیان لەشانۆیی بەنی ئادەمدا بۆ ژیان وتی "لێرەدا ویستوومانە لەمیانی شیعرەوە دیمەنەكانی كارەكەمان بونیادبنێین‌و شیعرەیەت لەتەواوی كەشی شانۆكەماندا دروست بكەین، هەروەها لەڕێگەی جەستەوە شیعر بەرجەستە بكەین، لەمیانی ئەمانەشەوە بە دوای پرسیارە گرنگەكانی مرۆڤدا بگەڕێین كەبەردەوام لەخۆی‌و دەوروبەری دەكات، كاری هونەرمەندیش گەڕانی بەردەوامە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا.

سانا ئەبوبەكریش كەكچە ئەكتەرێكی بەشداربووی شانۆییەكە بۆ ژیان دەڵێت، لەم كارەدا بەئەزموونێكی نوێی‌و دونیابینییەكی جیاوازەوە دەچمە لەخەتەی شانۆ، چونكە ئەم كارە جیاوازترە لەكارەكانی پێشووم، كاراكتەرێكە لەچاوەڕوانی‌و پڕە لەتووڕەیی، جگە لەوەی لەڕووی بەكارهێنانی جەستە‌و گوتاری جەستەوە جیاوازە.

ئەم شانۆییە لەنواندنی هەریەك لە كارڤین محەمەد، سەروەر نەهرۆ، محەمەد هۆشیار‌و سانا ئەبوبەكرە، هەروەها سەنگەر  دوكانی، وەك بەڕێوەبەری بەرهەم‌و دێنی بەكر، وەك سەرپەرشتیاری هونەری بەشدارن لەبەرهەمهێنانیدا، بڕیاریشە 27ی ئەم مانگە(ئەیلول بۆ ماوەی چوار رۆژ لەهۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی نمایش بكرێت.