لەماوەی تەنیا ٦ مانگدا، ئێران ٢٧ کوردی لەسێدارە داوە

منداڵیک لە ناو لەسێدراواندا هەیە

ژیان:

لەماوەی شەش مانگی ڕابردوود، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ٢٧ هاوڵاتی کوردی لە زیندانەکانی لەسێدارە داوە.

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون، کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراون و زۆرترین ڕێژەی لە سێدارەدانەکایش لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە کۆی ئەو ٢٧ کەسەی کە لەسێدارە دراون، کەسێکیان منداڵ و سێ کەسیان ژن بوون.

هەر لە ئامارەکەدا هاتووە، ٢٦ کەس بەهۆی کوشتنی ئەنقەست و ١ کەسیس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.

هاوکات، ١١ کەس لە ورمێ، ٥ کەس لە کرماشان، ٤ کەس لە ئیلام، ٣ کەس لە سنە، ٢ کەس لە لورستان و ٢ کەسیش لە پارێزگای خوراسان لەسێدارە دراون.