ئارێز عەبدوڵا بۆ ژیان: هاوسەنگی هێزنەماوە‌و دامەزراوەكان بەرەو تاكی حزبی دەچن

عەقڵیەتی رێگری هەمان عەقڵیەتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی

ژیان: هەڤاڵ غالب

دوای ئەوەی رۆژی 19ی ئەم مانگە لەبازگەی سماقوڵی_هەولێر رێگری لەمەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان كرا سەردانی شاری هەولێر بكات بەمەبەستی بەشداری لەكۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، ئەوەش كاردانەوەی توندی لەلایەن یەكێتـی نیشتمانی كوردستانەوە لێكەوتەوەو هەمان رۆژ وتەبێژی یەكێتی  ئەو كارەی بە"قبوڵ نەكراو" وەسف كرد‌و بەرپرسیارێـتی خستە ئەستۆی حكومەت ، هاوكات وەزارەتی ناوخۆی حكومەتیش لەرونكردنەوەیەكدا كارەكەی بەبێ مەبەست ناوبرد‌و دەشڵێت " لێكۆڵینەوەی ورد ئەنجام دەدەین".

دەربارەی ئەم بابەتە‌و چەند بابەتێكی تایبەت بەكوردستان‌و عێراق ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی پرسیارەكانی ژیان دەداتە‌و رێگری كردنیش لەمەحمود سەنگاوی  بەقۆرخكاری ناو دەبات.

ژیان: دوای پێكهێنانی حكومەت‌و كەمبوونەوەی بارگرژییەكان كار بۆ بەنیشتمانی كردنی دەزگاكانی حكومەت كراوە؟

ئارێز عەبدوڵا: بەداخەوە خەریكە رۆژ بەرۆژ ئامانجی بەنیشتمانی بوون‌و سەربەخۆبوونی دەزگاكان بەرەو كەم بوونەوە دەڕوات، ئەوەش من بەش بەحاڵی خۆم بۆ نەمانی هاوسەنگی دەگێڕمەوە، پێشتر لەنێوان هەردوو هێزی سەرەكی هاوسەنگی هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی یەكێك لەهێزە سەرەكیەكان زۆرینەیە ئەو زۆرینەیە ئەركێتی زیاتر دەزگاكان سەربەخۆ بكات یان هەوڵی بۆ بدات، بەڵام بەپێچەوانەوە هەست دەكەم ئەو بابەتی زۆرینەیە قۆرخ دەكرێـت بۆ بەتاك حزبی كردنی دامودەزگاكان. یەكێك لەهۆكارەكانی باشبوونی ئەو دۆخە بەستنی كۆنگرەی یەكێتیە‌و دامەزراندنەوەی دام‌و دەزگاكانی خۆی‌و داڕشتنەوەی ستراتیژی خۆیەتی ئەوكاتە پێویستە قۆڵی لێ هەڵماڵێت‌و لەگەڵ لایەنەكانی تر‌و پارتی دام‌و دەزگاكان بەنیشتمانی بكات‌و هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایش یەك بخرێنەوە‌و هەردەزگایەك لەدەزگا نیشتمانیەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت‌و پەرلەمان سەربەخۆ بكرێن. ئێستا ئەگەر ئەفسەرێكی پۆلیس یان پۆلیسێك بیەوێـت گواستنەوە بكات بۆ هەولێر ناگوازرێتەوە یاخود داوایان لێ دەكەن ببن بەپارتی ئینجا گواستنەوەیان بۆ دەكەن  تەنانەت گواستنەوە بەپلەی حزبی نەبێـت ناكرێـت، چۆن دەتوانین بەو شێوازە كاركردنە دام‌و دەزگاكان سەربەخۆ بكەین ؟!، بۆیە دەبێـت ئەو دام‌و دەزگایانە دەوڵەتی بن‌و بەپێی سیستەمێك كار بكەن نەك میزاجی یەكێـتی‌و پارتی .

پارتی ناتوانێـت بەتەنها لەكوردستان دەسەڵاتداربێت، چونكە لەهەندێك شوێـنی كوردستان كاریگەری كەمی هەیە

ژیان: ئەوەی لەبازگەی هەولێر بەرامبەر بەمحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی كرا هۆكارەكەی چی بوو ؟ چۆنی هەڵدەسەنگێنیت؟

ئارێز عەبدوڵا: مەترسیدارە، ئەوە هەمان ئەو عەقڵیەتەیە كەلەساڵی نەوەدەكان هەبوو بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوخۆ كەتائێستا هەموو لایەكمان باجی دەدەین، ئەو جۆرە عەقڵیەتە دەبێـت نەمێنێت یاخود كاری پێنەكرێـت‌و لای خەڵك ئەو عەقڵیەتە ریسوابكرێت، عەقڵیەتی پاوان كردنی سلێمانی بۆ یەكێـتی‌و پاوانكردنی دهۆك بۆ پارتی یان رێگەگرتن، ئەوە كارێكی نایاسایی‌و ناسیاسیە، ئەگەر كاك مەحمود شتێكی یاسایی لەسەرە ئەوە دادگا ئەگەر هیچ شتێكی سیاسی لەسەرە یەكێـتی‌و پارتی پەیوەندییەكانیان زۆر باشە دەتوانن لەكۆبونەوەكانیاندا باسی بكەن، بەڵام ئەوە كارێكی نابەجێ بوو، ئەوە لەدوو لایەنەوە مەترسیدارە لەلایەكەوە كاردانەوەی لێ بكەوێـتەوە لەلایەكیشەوە لایەنێك دەیەوێـت بەنوێژی نیوەرۆ قۆرخی دەسەڵات بكات دەیەوێـت هەندێك شوێن بۆخۆی پاوان بكات یان رێگری دەكات لەدەرەوەی یاسا.

ژیان: زۆرینەی پەرلەمانی ئەمەی دروست نەكردووە؟

ئارێز عەبدوڵا: راستە ژمارەی كورسیەكانی یەكێـتی كەمترە لەپارتی، بەڵام یەكێـتی‌و هێزەكانی  تر ژمارەی كورسیەكانیان زیاترن لەپارتی، بۆیە پارتی ناتوانێـت بەتەنها حكومەت پێك بهێنێت پارتی ناتوانێـت بەتەنها لەكوردستان دەسەڵاتی هەبێت، پارتی لەهەندێك شوێـنی كوردستان كاریگەری كەمی هەیە‌و لەهەندێك شوێن كاریگەری زۆری هەیە، لەبەر ئەوە ئەو جۆرە سیاسەتە خزمەت بەحكومەتەكە‌و سیستەمی سیاسی ناكات، خزمەت بەو دەسەڵاتـە ناكات كەئێستا لەلایەن خودی پارتیەوە بەرێوە دەبرێت .

بەشێك لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق دەیانەوێـت بودجەی ساڵی داهاتوو وەك ئەم ساڵ نەبێـت، ئەگەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێـت بكرێـت ناكۆكیەكانی هەولێر‌و بەغداد قوڵ دەبنەوە

ژیان: ئەوەی رویدا درێژكراوەی رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان‌و داخستنی پەرلەمان نەبوو؟ بۆچی پێشتر چارەسەری ئەو بابەتە نەكرا؟

ئارێز عەبدوڵا: دەبێـت هاوڵاتی لەوە تێبگات ئەوە پەیامێكە‌و قۆرخكارییەو پەیامێكە هەڵگەرانەوەیە لەپرەنسیپەكانی ئازادی‌و دیموكراسی، ئێمە چەندین ساڵە خەبات دەكەین بۆ ئازادی‌و دیموكراسی  واتە ئەگەر كاك محمود رەنگێكی جیاوازی هەبێت لێی قبوڵناكرێـت‌و رێگای لێ دەگیرێـت، كەواتە ئەو لایەنە باوەڕی بەئازادی‌و دیموكراسی نیە ئەوەش مەترسیەكی گەورەیە بۆ ئایندەی وڵاتـەكەمان.

ژیان: دەربارەی كێشەكانی هەرێم‌و بەغداد تاوەكو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە وەك سەرۆكی لیژنەیەكی پەیوەندار لەخولی رابردوو چۆن دەبینی؟

ئارێز عەبدوڵا: پێویستە هەردوولا بەجدی هەوڵی چارەسەركردنی كیشەكان بدەن هەم حكومەتی فیدراڵی هەم حكومەتی هەرێم، ئاساییە بەشەو‌و رۆژێك كێشەكان چارەسەر نەكرێت، بەڵام پێویستە هەردوولا بگەنە ئەو باوەرەی كەچارەسەركردنی كێشەكان لەبەرژەوەندی هەردوولایە، دەبێـت فێڵ لەیەكتر نەكەن‌و بەردەوامی دیالۆك لەبەرژەوەندی هەموو لایەك دایە، ئێستا بەرەو ئەوەدەچین بودجە لەحكومەتی فیدراڵی بچێتە پەرلەمان‌و پەسەند بكرێـت بەشێك لەلایەنە سیاسیەكانی عێراق دەیانەوێـت بودجەی ساڵی داهاتوو وەك ئەم ساڵ نەبێـت، بۆیە ئەگەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێـت بكرێـت ناكۆكیەكان قوڵ دەبنەوە، بەڵام ئەگەر رێككەوتن بكرێـت لەسەر بودجە‌و ئەو بڕە نەوتەی لەهەرێم هەیە ئەوا بێگومان كێشەكان چارەسەر دەبێـت، ئێمە لەسێ مانگی داهاتوو لەچاوەروانیدا دەبین.

ئەگەر ئەفسەرێكی پۆلیس بیەوێـت گواستنەوە بكات بۆ هەولێر ناگوازرێتەوە ئەگەر نەبێتە پارتی

ژیان: دەربارەی كێشەی كەركوك دانانی پارێزگار‌و رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەسەر دانانی كەسێك وەك پارێزگار، كە رێككەوتن كراوە ئایا پارێزگار بۆ دانانرێت؟

ئارێز عەبدوڵا: باشترە لەبرادەرانی كەركوك بپرسن، رێككەوتنی پارتی‌و یەكێـتی پێویستە، بەڵام لەوە گرنگتر دەبێـت لەگەڵ عێراق رێكبكەون لەگەڵ توركمان‌و عەرەب رێكبكەون.