عێراق ئەو سێوەی بارزانی بۆی لەت نەکرا

سێوەکەی بووە ئیلهام بۆ پارتییەکان

ژیان: تایبەت

مەسعود بارزانى ڕاوێژکارە بیانیەکانى لەدەورى کۆبونەتەوە و سێوێکى سەوز و چەقۆیەکى بەدەستەوەیە، لەکاتى  گفتوگۆ لەگەڵ "هێنرى لیڤى" فەیلەسوفى فەڕەنسى سێوەکە لەتدەکات، ئەمەش ئیلهامێک بوو بۆ پارتیەکان "ئیدى" عێراقى یەکپارچە نەما تەنانەت خەڵک ڕەگەزنامە و پێناسەى عێراقى بوونى سوتاند، بەڵام لەکۆتاید نەبارزانى سێوەکەى بۆ لەتکرا و نەعێراقیش بوو بەدووپارچە.

ساڵێک دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم کە لە ٢٥ى ئەیلولى ٢٠١٧ دا ئەنجامدرا، مەسعود بارزانى بەسەردانێکى ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغداد کاتێک لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداد لە فڕۆکەکەى دابەزى یەکەم کەس تەوقەى لەگەڵکرد (هادى عامرى) فەرماندەى باڵاى حەشدى شەعبى بوو کە "لەئەدەبیانى بارزانى"دا عامرى بەسەرکردەیەکى داگیرکەر وەسفدەکرا بە فەرمانى ئەو خەریک بوو هەولێر داگیردەکرا.

مەسعود بارزانى، ئامانجى سەردانەکەى بۆ ئەوەبوو کە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد باشبکاتەوە کە بەهۆى لێدوان و قسەکانى ئەو، پاشان بەهۆى ڕیفراندۆمەوە توشى ئاڵۆزى هاتبوو، خەڵکى کوردستان کەوتووبیە نێوان دۆخى قات و قڕى قوتى ڕۆژانەیان کە مووچەکانیان بوو لەدەستیان دابوو.

ئەمڕۆ مەسعود بارزانى و مەسرور بارزانى زیاتر لەهەموو کەس باوەڕیان بەیەکپارچەیى خاکى عێراق هەیە و هەوڵى بۆ دەدەن

هاوکاتى ئەوەش مەسرور بارزانى کە بەئەندازیارى ڕیفراندۆم وەسفدەکرا، ساڵى ٢٠١٩ کاتێک پۆستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى وەرگرت، پێش ئەوەى سەردانى پەرلەمانى کوردستان بکات و لەدۆخى خەڵکى کوردستان بکۆڵێتەوە یەکسەر  سەردانى بەغدادى کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و پەرلەمانى عێراق کۆبویەوە.

مەسرور بارزانى لەدیدارى نوێنەرى گشتى نەتەوەییەکگرتووەکان لەعێراق و سەردانى نوێنەرى وڵاتان، ئێستا ئەوەیە، کە ئەوان عێراقى یەکپارچەیان دەوێت و دەیانەوێت لەچوارچێوەى عێراق پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدات.

ئەم بادانەوەیە لەهەڵوێستى پارتى و لەئامێزگرتنەوەى عێراق، وێناى "عێراقچیەتى" پارتى دروستکرد، کە تەواو پێچەوانەى ئەو هەڵوێستانە بوو پێشتر پارتى و لەسەرو ئەوانەوە مەسعود بارزانى بەرامبەر بەغداد هەیبوو، کاتێک دەیوت لەفەرهەنگى بەغدادا "کورد" حسابى بۆ ناکرێت.

بۆچى ڕیفراندۆم عێراقى دابەش نەکرد؟

کۆشکى سپى ئەمریکا لەچەندین ڕاگەیەنراودا لەکاتى ڕیفراندۆم پێش ڕیفراندۆم دواى ڕیفراندۆیش جەختى لەسەر ئەوەدەکردەوە ئەوان "کوردستانێکى بەهێزیان لەچوارچێوەى عێراقى یەکپارچە" دەوێت.

ئەم دۆخە بۆ کۆشکى ئیلیزى و ئیلیزابێز و کرملن زۆر ڕوون نەبوو، بەڵام کاتێک ڕیفراندۆم ڕوویدا ئەوانیش بەڕوونى هاتنە سەر هێڵ "هەمان دەستەواژەیان" دووبارەکردەوە، کە ئەوان عێراقێکى یەکپارچەیان دەوێت تەنانەت "خودى تێرازیمەى سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا" هاتە بەغداد و زۆر بەڕوونى پشگیرى خۆى بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق دەربڕى.

بەڕاى شیکەرەوانى سیاسى سەرپێچى بارزانى و نەخوێندنەوەى دۆخى سیاسى نێودەوڵەتى، سواربوونى شەپۆلى نەتەوەیى بارزانى و پارتى  توشى غرورێک کردبوو کە گوێى بۆ کەس نەدەگرت، ڕاوێژکارەکانیشى تاکە ڕاوێژیان ئەوەبوو، ئەگەر بارزانى بتوانێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەوا دەتوانێت وەکو ئەمریى واقع بەسەر جیهاندا بیسپەنێت، بەڵام دواتر ئەوانیش مەغزاى کارەکەیان بۆ دەرکەوت.

هینرى لیڤى فەیلەسوفى فەڕەنسى و یەکێک لە ڕاوێژکار و پاڵپشتیکەرانى بارزانى لەبارەى بارزانیەوە هیچ سڵناکاتەوە، دەڵێت: "فەرماندەیەکى باشە، بەڵام تواناى شیکردنەوەى سیاسى نیە".

بەگوێرەى چەندین ڕاپۆرتى هەواڵگرى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمى ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە، بارزانى دڵنیابوو لەوەى ڕیفراندۆم دەوڵەتى بۆ دروست ناکات، چونکە خۆشى دەیزانى بەبێ ڕیفراندۆمیش کورد دەتوانێت سەربەخۆیى وەربگرێت، بەڵام تەنها ریسکێک بوو لەپێناو چەند ئامانجێکى دیارکراوى تاکەکەسى و حیزبى و بنەماڵەیى کردى، بۆیە هەر لەسەرەتاوە فەرمانەکان لەناو بنەماڵەى بارزانى بەجۆرێک دابەش بوون، نێچیرڤان بارزانى وەکو یاریچى یەدەگ دانرابوون بۆ مامەڵەکردنى پارتى دواى شکست.

" ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان و لەتکردنى عێراق نەبوو، بەڵکو پلانێکى تەکتیکى و بنەماڵەیى و بەشێک لەهێزە سیاسیەکانى تێوەگلان و گەلى کوردیشى توشى ماڵوێرانى کرد"

بەگوێرەى چەندین زانیارى کە لەوەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و ناوەندى هەواڵگرى (سى ئاى ئەى) بوونى هەیە، کۆشکى سپى لەو کاتەدا هیچ بایەخێکى بۆ ڕیفراندۆم نەبوو تەنانەت وەکو پرسێکى گرنگ تەماشایان نەدەکرد چونکە ئەو پڕۆسێسانەى کە سەربەخۆى گەلانى پێداتێپەڕیبوو هیچ کات پڕۆسەیى سەربەخۆیى کوردستانى پێداتێنەپەربوو بۆیە کۆمەڵێک پرسیارى وەڵامنەدراوە لەلاى زۆرینەى بەرپرسانى ئەمریکى بوونیان هەبوو، لەلایەک کورد بەگوێرەى دەستورى عێراق بەشێک لەوخاکە چۆن دەتوانن جیاببنەوە، لەلایەکى دیکەوە ئەگەر کورد جیابێتەوە ئایندەى ئەم دەوڵەتە بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا چۆن دەبێت؟.

ڕاى زۆرێک لە فەرماندە سەربازییەکان لە پنتاگۆن ئەوەبوو، لەم دۆخەدە کە ئەمریکا لەشەڕى داعشدایە "سەربەخۆیى کوردستان" ئامانجەکەى دەگۆڕێت فۆکەسى ئەمریکا لەسەر شەڕى داعش نامێنێت، بەڵام نوزە و هاوسۆزیەک لەناو گۆنگرێسدا هەبوو کە باوەڕى وابوو کورد پێویستە سەربەخۆ بێت بەڵام بەهێز نەبوو، کۆشکى سپى کەناوەندى بڕیارى ئەمریکایە لەوکاتەدا کە هەموو فۆکەسى لەسەر شەڕى داعش بوو پرسى ڕیفراندۆم نەبووە کەیسێکى گرنگ لەلاى و لەبەردەمى بکرێتەوە بۆیە ئەم پرسە هەر لەدەرەوەى کۆشکى سپى مرد.

بۆیە دەستنیشانکردنى ڕۆژى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى لەلایەن بارزانیەوە وەکو خۆى باسى دەکرد نەبووە ڕۆژێک بۆ سەربەخۆیى تەنانەت ڕۆژێک دواى ڕیفراندۆمیش خەڵک هەرچاوەڕیى بارزانى بوو هەواڵى لەتکردنى عێراق ڕابگەیەنێت، بەڵام نەبارزانى هەواڵەکەى خوێندنەوە نە ئەمریکاش ریفراندۆمى لابووە ئەمرى واقع.

بادانەوە بەلاى عێراقدا؟

ئەمڕۆ مەسعود بارزانى و مەسرور بارزانى زیاتر لەهەموو کەس باوەڕیان بەیەکپارچەیى خاکى عێراق هەیە و هەوڵى بۆ دەدەن، پێچەوانەى ئەو بانگەشانەى دەیانکرد بۆ لەتکردنى عێراق، بۆیە ئێستا پرسیارێک لەلاى خەڵکى هەیە ئەویش ئەوەیە کام هەڵوێستیان هەڵوێستى دروستیانە؟.

ڕەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە زیاتر لە وەڵامێک وەربگرێت، بەڵام شیکردنەوە گرنگەکە ئەوەیە وەڵامە پڕبەماناکە ئەوەیە " ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان و لەتکردنى عێراق نەبوو، بەڵکو پلانێکى تەکتیکى و بنەماڵەیى و بەشێک لەهێزە سیاسیەکانى تێوەگلان و گەلى کوردیشى توشى ماڵوێرانى کرد".