بڕیاردەرانى ڕیفراندۆم، بێدەنگى لەیادەکەى دەکەن؟

ئەو سەرکردانە ماون کە بەشداربوون لە بڕیارى ڕیفراندۆم

ژیان: تایبەت

دواى دووساڵ لە ئەنجامدانى ڕیفراندۆم ئەوانەى بەرپرسى یەکەم بوون لە ڕیفراندۆمەکەى ساڵى ٢٠١٧ ى هەرێمى کوردستان، بە بێدەنگى ئەو یادەیان بەڕێکرد تەنانەت بەڕاگەیەنراوێکیش ئامادەنەبوون ئەو ساڵیادە پیرۆز بکەن، بەجۆرێک مەسعود بارزانى لەو یادەدا ئامادەنەبوو ووشەى "ڕیفراندۆم" بەکاربهێنێت.

ساڵى ٢٠١٧ لە ٢٥ى ئەیلول سەدان هەزار هاوڵاتى لەسەر قسەى ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم بەسەرۆکایەتى مەسعود بارزانى چوونە بەردەم سندوقەکانى دەنگدان و دەنگى "بەڵی" یان بۆ سەربەخۆیى کرد، بەشێک لەهاوڵاتیان لەژێر سۆزى نەتەوەیى و بەشێکى دیکە کەجەماوەرى پارتى بوون لەژێر متمانەى بارزانى بەشدارى دەنگدانیان کرد.

ئەمڕۆ ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم نەماوە بەڵام ئەو سەرکردانە ماون کە بەشداربوون لە بڕیارى ڕیفراندۆم و لەپشت بڕیارى ڕیفراندۆم و هەڵمەتى کاپینى "بەڵێ" وە بوون.

 ئەگەر ڕیفراندۆم بڕیارێکى دروستبوو بۆچى سڕکرا؟

مەسعود بارزانى بە بڕیاردەر و دروستکەرى ڕیفراندۆم دادەنرێت، لەم ڕۆژەدا هیچ ڕاگەیەنراوێکى دەرنەکرد تەنانەت لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک و تویتەر ئامادەنەبوو ناوى "ڕیفراندۆم" بهێنێت، بەڵکو تەنها بەیەک دێڕ سڵاو دەنێرێت و ڕۆژەکە پیرۆز دەکات بەبێ ئەوەى ناوى "ڕۆژەکە" بهێنێت.

هاوتاى بارزانى، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە بەئەندازیارى ڕیفراندۆم دادەنرێت ئەم یادەى بەبێ دەنگى بەڕێکرد، تەنانەت ڕاگەیەنراوێکیش ئامادەنەبوو یادەکە پیرۆزبکات، دڵى ئەو کەسانە بداتەوە بەهۆى ڕیفراندۆمەوە ئاوارەبوون، یان کەسوکارەکانیان لەبەرەى جەنگ شەهیدبوون.

لەلایەکى دیکەوە ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم ئەوانەى کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکە هەبوو بەهەمان دۆخ تێپەڕەبوون هەموویان بێدەنگیان لەدۆخەکە کرد.

بۆچى پارتى بێدەنگى لە ڕیفراندۆم کرد؟

پارتى لەلای عێراق و لە ئاستى جیهان بەتایبەت بارزانى بەهۆى کاردانەوەى ڕیفراندۆمەوە توشى گۆشەگیرى هاتن، عێراق دەرگاى داخست، جیهان باکى بەو گەمارۆ سیاسى و دیبلۆماسى و ئابوریانە نەبوو کە توشى هەرێم هات لەلایەن وڵاتانى دراوسێوە، بۆیە گرێى کردنەوەى دەرگاکان و مەرجى عێراقیش ئەوەبوو ڕیفراندۆم "سڕ" بکرێت بۆ هەتا هەتایە، بۆیە نێچیرڤان بارزانى بەفەرمى و بەڕاگەیەنراوێک ئەنجامى ڕیفراندۆمەکەى سڕکرد، پارتى بەهەموو هێزى خۆى گەڕایەوە عێراق، ئەوانەشى لەئەنجومەنەکەبوون لەکوردستان باسێک نەما بەلایانەوە ناوى "ڕیفراندۆم" بێت و هەموویان بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى عێراق یان کرد.

ئێستا بەرپرسانى پارتى لەترسى کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان و عێراق بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین باسى ئەو پرسە بکەن، تەنانەت ئەو پرسە وەکو مەلەفێکى نەبوو داخراو وەسفى دەکەن لەلاى نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانان و عێراق وە ئەوەش وەکو بەڵێن تۆماریان کردووە، بەڵام لەناوخۆى ڕێکخستنەکانى پارتید بۆ دەرچوون لەو ئیحراجیە نەتەوەییە لەئاست خەڵکى کوردستان توشیان هات بەهۆى ڕیفراندۆمەوە، یادەکە دەکەنەوە ئاهەنگى بێدەنگى بۆ ڕێکدەخەن.

پارتى لەلای عێراق و لە ئاستى جیهان بەتایبەت بارزانى بەهۆى کاردانەوەى ڕیفراندۆمەوە توشى گۆشەگیرى هاتن

ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم بۆچى بێدەنگن؟

ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم کە پێکهاتەیەک بوون لە بەرپرسانى (پارتى و یەکێتى، یەکگرتوو، سۆسیالیت و بزوتنەوە، کەمە نەتەوەییەکان و چەند پارتێکى دیکە) لەم ساڵیادەدا بەڕاگەیەنراوێک یادەکەیان نەکردووە، لەکاتێکدا بەهۆى بڕیارى ڕیفراندۆمەوە کورد توشى نەهامەتیەکى گەورەهات، بەڵام کاتێک کورد توشى ئەو دۆخە سەختە هیچ کام لەو تاکانە فریاى دۆخى شڵەژاوى کورد نەدەکەوتن تەنانەت بێدەنگیان خەڵکى کوردستانى توشى شۆک کردبوو، وەکو ئەوە وابێت ڕیفراندۆم ئەنجام نەدراوە.

بێدەنگی ئەوان بەهۆى ئەو لینکە دیبلۆماسى و پەیوەندییە سیاسیانەوەیە کە لەگەڵ وڵاتان هەیانە، چونکە هەموو ئەوانەى کە بەشداربوون لە بڕیارى ڕیفراندۆمدا، لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمیەوە گرنتى ئەوەیان لێوەرگیراوە کە دەبێت ئەم مەلەفە دابخەن و چى دیکە باسى نەکەن، لەبەرامبەر ئەوەى کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتان ڕێک بێتەوە نەکەون ژێر بارى گەمارۆوە.

بێدەنگیکردن لەسەر ڕیفراندۆم سەدان پرسیارى دروستکردووە؟ لەسەرو هەموو ئەوانەوە ئەگەر ڕیفراندۆم بڕیارێکى دروستبوو بۆچى سڕکرا؟ ئەگەر ڕیفراندۆم گرنتى دەوڵەت بوو بۆچى ئێستا بەترسەوە تەنانەت بارزانى ناتوانێت "ناوى بهێنێت"؟

ئەنجامى ڕیفراندۆم نەک سەربەخۆیى نەبوو، بەڵکو شکستێکى گەورەبوو بەسەر کورد لەباشورى کوردستان

ئەمانە و دەیان پرسیارى دیکە لەلاى هاوڵاتیانى کورد بەتایبەت ئەوانەى دەنگیان بە "بەڵێ" داوە بەبێ وەڵام ماونەتەوە تاکە پرسیارێک لاى ئەوان وەڵامى هەیە ئەوەیە ئەنجامى ڕیفراندۆم نەک سەربەخۆیى نەبوو، بەڵکو شکستێکى گەورەبوو بەسەر کورد لەباشورى کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، پاشان هەر چوارپارچەى کوردستان، لەسەرو ئەوانەشەوە ئەوەیە "ئێستا بەرپرسانى کورد جگە لەوەى داواى لێبوردن ناکەن هاوکات دەیانەوێت بە بێدەنگیکردن لە کەیسەکە عارەکانى ئەو کەیسانە بشارنەوە، بەڵام بێدەنگى ئەوان ڕەنگە هەموو ساڵێک لەم کاتەدا برینکە تازە و قوڵتربکاتەوە.