مام جەلال؛ سەركردەی سەدە

جەلال تاڵيبانی،یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو لە عێراق

ژیان: 

یەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو لە عێراق سبەی 3ی ئۆكتۆبەر ماوەی دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایدا تێپەڕ دەكات، كەمێك لە خەباتی ئەو سەركردەیە لێرەدا دەخەینە روو. 

مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور. 

هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی  كەلكان ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە

باوكی رێبەری تەكیەی تاڵەبانی دەبێت لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە.

ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كرد و وتەی حەماسئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستا و بەشداربووان.

 لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراندبە ناوی  كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

 لە هەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16  ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی  السباع  ی شاری بەغداد بەسترا.

لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

 لە ساڵی 1951 دا لەگە‌ڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. 

 ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف  (حقوق) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

 لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی  یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان ، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

 ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.

 ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی  كوردستان  و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلوولدا كرا.

ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

 ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

 ساڵی 1972 سە فەری دەرەوەی عیراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا كرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

 لە 01  06  1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 01  ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سكرتێری گشتی یەكێتیی.

دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد و لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

لە 06  نیسانی 2005، مام جەلال بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا.

ڕۆژی 3-10-2017 ، سەرۆك مام جەلال لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.