نابیستێك خۆشترین چا پێشكەش دەكات


ژیان: هەستی ئەحمەد

ئەگەرچی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام تەها بەچا خۆشەكەی سەرنجی زۆرێك لەكڕیارەكانی ڕاكێشاوە، هەركەس سەردانی بكات بۆ خواردنەوەی چایەكی گەرم بۆ جاری دووەم سەردانی دەكاتەوە.

 تەها ئەحمەد، بە تەها سەلیم  ناسراوە تەمەنی ٤٠ ساڵە، خەڵكی هەڵەبجەیە خاوەنی دوو كچ‌و كوڕێكە، لەساڵی ١٩٩٧ لەچایەخانەیەك كاری شاگردی كردووە، بەڵام بەهۆی حەزی لەكاری چایەچێتی لە ٢٠٠٦ چاخانەیەك تایبەت بەخۆی دادەنێت بەناوی چایەخانەی تەها، ئیش‌و كارەكانی ماوەی ٢٠ ساڵە تێدا ڕاپەڕاندووە.

سەڵاح محمد، گەنجێكی هەڵەبجەیە رۆژانە سەردانی چایەخانەكەی تەها دەكات بۆ ژیان وتی "چایەكەی زۆر بەتامە هەركەس سەردانی بكات جارێكی تر ڕێی بكەوێتەوە لەو شوێنە سەردانی دەكاتەوە، چایەخانەكەی زۆر پاك‌و خاوێنە ماوەی ٢٠ ساڵە دانراوە ئەڵێی ئێستا كراوەتەوە".

وتیشی "هەر كەس جارێك سەردانی بكات بۆ جاری دووەم دەزانێت ئەو كەسە چ جۆرە چایەكی خواردووە، پێویست ناكات پێی بڵێتەوە".

چایەخانەی تەها دەكەوێتە پارێزگای هەڵەبجە، لەپێنجوێن‌و شارۆچكەكانی دەوروبەرییەوە هاوڵاتییان بۆخواردنەوەی چایە تایبەتەكەی سەردانی دەكەن، بووە بەجێگای سەرنجی ئەو كەسانەی سەردانی هەڵەبجە دەكەن.