وردەكاری هەوڵی تیرۆر كردنی قاسمی سلێمانی


ژیان: 
بەرپرسێكی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەكات كە هەوڵی تیرۆركردنی قاسمی سولەیمانی لە پارێزگای كرمانی ئێران پوچەڵكراوەتەوە.

حسێن تائیب، سەرۆكی بەشی زانیاری سوپای پاسدارانی ئێران لەگفتگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشكراكرد، گروپێكی سێ كەسی لە ڕۆژی تاسوعا و عاشورا بەنیازبوون قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران تیرۆر بكەن، بەڵام هەوڵەكە شكستی هێناوە.

بەووتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران، نەخشەی تیرۆری قاسم سولەیمانی ساڵانێكە لەلایەن ئەو گروپەوە كاری لەسەر دەكرێت، بەجۆرێك یەكێك لە ئەندامانی ئەو گروپە ماوەیەك لەومەبەر هاتووتە ئێران و لەنزیك حسەینیەك خانووی كڕیوە هەوڵیداوە لەگەڵ باوكی قاسمی سولەیمانی تێكەڵاوی دروست بكات".

ئەم كەسە ویستویەتی بەدرێژی ٣٥٠ تا ٥٠٠ مەتر تونیلێك دروست بكات لەژێر مزگەوتی حسێنیە، لەڕۆژی تاسوعا و عاشورادا كاتێك قاسمی سولەیمانی لەو شوێنە تێپەڕ دەبێت بیتەقێنێتەوە و تیرۆری بكات.

فەرماندەكەی سوپای پاسداران باوەڕی وایە، بەرپرسی "ئیسرائیل" لە پشت ئەو گروپە سێ كەسیەوەن كە ویستیان قاسمی سولەیمانی تیرۆر بكەن.

سەرچاوە: بی بی سی فارسی