فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی 78 وڵات كۆدەكاتەوە


ژیان: سپۆنسەر

ئامادەكارییەكانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگاتە قۆناغی كۆتایی‌و بەڕێوەبەری فێستیڤاڵیش وردەكاریەكەی ئاشكرادەكات، راشیدەگەیەنێت "بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێكارەكانەوە، تا ئێستا هیچ بودجەیەكمان وەرنەگرتوە، بەڵام دەمەوێت قەرزەكەی سلێمانی بدەمەوە".

ڕۆژی 1ی ئۆكتۆبەری 2019، چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستپێدەكات كەبۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت‌و 134 فیلم لە78 وڵاتەوە بەشداری تێدا دەكەن.

سەبارەت بەئامادەبوونی هونەرمەندانی كوردو پشتیوانیان بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵ، فوئاد جەلال بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ڕایگەیاند "زۆربەی زۆری هونەرمەندانی كوردستان‌و هەرچوار پارچەی كوردستانیش ساڵانە هاوكاری سەرسەختی فێستیڤاڵ دەكەن‌و لەگەڵمان هەماهەنگن".

"ئەمساڵ لەساڵانی ڕابردوو باشتردەكەین"

لەباری زیاتر بەرەو پێشبردنی بواری فیلم بەراورد بەخولەكانی پێشووی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی، فوئاد جەلال وتی "دەبێت ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی ڕابردوو باشتر بكەین، ئەگەر نەشتوانین باشتر بكەین، ئەوا بەجێیدەهێڵین، چونكە فێستیڤاڵ ناوی سلێمانی هەڵگرتوەو بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە لەسەر شانمان"

"هیچ بودجەیەكمان وەرنەگرتوە"

زانیاری لەبارەی بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ خەرجكردنی بودجەی فێستیڤاڵەكەش دەخاتەڕوو، ئاشكرایدەكات، تاوەكو ئێستا هیچ بودجەیەكمان وەرنەگرتووە، جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ خەرجكردنی بودجەكە، بەڵام لەئێستادا ڕێكاری یاسایی خەرجكردنەكەی تەواو نەبووە.

دوو خولی فێستیڤاڵ لەسەر گیرفانی خەڵكی سلێمانی بوو

سەبارت بەهاوكاری سەرمایەدارو خاوەنكارانی سلێمانیش بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵ، فوئاد جەلال ڕایگەیاند، "بەسوپاسەوە خولەكانی یەك‌و دووی فێستیڤاڵ بەگیرفانی خەڵكی شاری سلێمانی بەئەنجام گەیشت، لەئێستاشدا ئەگەر پێویستمان بێت هاوكارمان دەبن، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە كۆمپانیای ئاسیاسێل سپۆنسەری سەرەكی فێستیڤاڵە"

"دەمەوێت قەرزەكەی سلێمانی بدەمەوە"

لەبارەی خۆشەویستی بۆ سلێمانی‌و ساڵانە بەئەنجامگەیاندنی فێستیڤاڵ وەك خۆی دەڵێت: "ئەگەر بشمرم دەبێتە بەشێك لەمێژووی شارەكە"، فوئاد جەلال ئاماژە بەوەشدەكات، "دایك نۆ مانگ بەپێستی سكی منداڵ هەڵدەگرێت، كەئەمەش گەورەیی خۆی لەناخی هەمواندا دەسەلمێنێت، ئەی شارێكی وەك سلێمانی كەباوەشی بۆ هەموو تەمەنت كردۆتەوە ئەم خۆشەویستیە ناو دەنێیت چی؟، منیش وەكو ئەو خەڵكە بەویژدانەی شارەكەم، ئەگەر خوا تەمەنم بداتێ، دەمەوێت كەمێك لەو قەرزەی سلێمانی بدەمەوە"

دەرگای (vip)ی فرۆكەخانە بۆ میوانەكان كراوەیە

لەبارەی بەڕێوەچوون‌و ڕێوڕەسمی هاتن‌و ڕۆشتنی میوانەكانەوە، بەڕێوەبری فێستیڤاڵ زانیاری ورد دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوەدەكات، "ئەمساڵ ئەركی وەرگرتنی تكت‌و فیزا لەلایەن كۆمپانیای (ئەزمەر ئێر) جێبەجێدەكرێت، ئاسانكاری تەواویان بۆ كردووین‌و هیچ سودێكیان نەخستۆتەسەر تكتەكان"

سەبارەت بەشێوازی هاتنی میوانەكان‌و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، فوئاد جەلال وتی:" زۆربەی میوانەكان لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە دێنە هەرێمی كوردستان، پێویستیشە لێرەوە سوپاسی كاك تاهیرو كارمەندە بەڕێزەكانیان بكەین كەهەموو ساڵێك دەرگای (vip) كراوەیە بۆ میوانەكانی ئێمە".

هەروەها بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی سوپاسی بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كرد كەبۆ كاروباری فیزای میوانەكان لەهەموو خولەكانیی فێستیڤاڵی هاوكارێكی جدین

لەبارەی میوانەكانیشەوە دەڵێت "زۆربەی میوانەكان فیلمسازو خاوەنی كۆمپانیا هونەریەكانن، سەرۆكی بەشێك لەفێستیڤاڵەكانی جیهان ئامادە دەبن كەزۆربەیان لەپرۆگرامی فێستیڤاڵ بەشدار دەبن".