سەرۆكی هەرێم پشتیوانی بۆ حكومەتی عێراق لە دژی خۆپیشاندەران دەربڕی


ژیان: 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە بڵاو دەكاتەوە و پاكانە بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دەكات و دەڵێت ناتوانێت بە شەو و رۆژیك كێشە كەڵەكەبووەكان چارەسەر بكات. 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە بڵاو كردەوە رایگەیاند: بە نیگەرانییەوە لە ڕووداو و توندوتیژییەكانی ئەم چەند ڕۆژەی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق دەڕوانین. 

ئەو لە پەیامەكەیدا دەشڵێت "خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانە، مافێكی دەستووریی پارێزراوە، بەڵام نابێت بۆ توندوتیژی و پێكدادان و نانەوەی پشێوی و دەرچوون لە یاسا بگۆڕێت و هەڕەشە لە ئاسایشی گشتی و تێكدان و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت بكات".

ناوبراو باس لەوەش دەكات كە كێشەكان لە دایكبوی ئەم رۆ1ژانە نین و زادەی سیاسەتی هەڵەی دەیان ساڵی رابردووە و پاكانەش بۆ حكومەت دەكات كە "هیچ حكومەتێك ناتوانێت لە شەو و ڕۆژێكدا چارەسەریان بكات. بەدیهێنانی خواست و داواكانی گەل، هاوكاری و پشتگیریی هەموو هێز و لایەنەكانی دەوێت. پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئێستا و داهاتووی وڵات، ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هەمووانە و وریایی و داناییی هەمووانی پێویستە".

هەرچەندە لەو كاتەی خۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستانی دایەوە بۆ داواكاری موچە پاشەكەوتكراوەكانیان بەڵام بۆ عێراق دەڵێت"عێراق لە دۆخێكی هەستیاردایە كە پێویستی بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی هەیە، ئاڵۆزی و تێكدانی ئاسایش و دەرچوونی ڕووداوەكان لە كۆنترۆڵ، دۆخەكە خراپتر و دژوارتر دەكات". 

بارزانی لە پەیامەكەیدا دەشڵێت "داواكارین هەموو لایەك دان بە خۆیاندا بگرن، یاسا بپارێزن و بەرژوەندیی باڵای وڵات ڕەچاو بكەن".