پنتاگۆن لەبارەی باکووری سووریا وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغان دەداتەوە

هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا

ژیان:

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا –پنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریكا سەرنجی لەسەر سەرخستنی كاری میكانیزمی ئەمنییە لە باكوری سوریاو ئەوەش بە باشترین رێگە بۆ بەرەوپێشچونی هەموان دەزانێت، دەشڵێت هەر ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنەی تورکیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.

شۆن رۆبێرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتن گرنگی بە سەرکەوتنی رێککەوتنی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەدات و ئەو رێککەوتنەش باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە.

دەشڵێت، هەر ئۆپەراسیۆنێكی بێ هەماهەنگى توركیا دەبێتە نیگەرانییەكی زۆر بۆ وڵاتەکەى، چونكە بەرژەوەندییە هاوبەشەكەمان تێكدەدات.

وتەبێژى پنتاگۆن جەختیکردەوە، ئەوان زۆر بە راشکاوى بە تورکیایان وتووە، دوای شكستی داعش لەناوچەكە، بەڵام هێشتا سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر سوریا.

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریای کرد ئەگەر بێت و نەخشە رێگای دروستکردنی ناوچەی ئارام دروست نەکرێت، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، هەسەدە، هەڕەشەی راگەیاندنی جەنگی لە "هەموو لایەک" دژ بە تورکیا کرد ئەگەر بێت و سوپاکەی ئەنقەرە هێرشبکاتە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی فورات.