سیناتۆرێكی حزبەكەی ترەمپ لەسەر كورد هاتە دەنگ


ژیان: 
سیناتۆرێكی حزبەكەی ترەمپ لەسەر بڕیاری كشانەوەی هێزە ئەمریكیەكان هاتە دەنگ و رایگەیاند دژی ئەو برشیارە دەوەستێتەوە و داوا لە سەرۆكی وڵاتەكە دەكات لەسەر كورد دژی توركیا بوەستێتەوە. 

لێندسی گراهام، گەورە سیناتۆری كۆمارییەكان لە ئەمەریكا، داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەكات  بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری سوریا بكات و لە ئەگەری هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر كورد لە رۆژئاوای كوردستان، سزای توند بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.

ناوبراو لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "ئەگەر ئەو پلانەی ترەمپ جێبەجێ كرا، كە رێگە لەبەردەم هێرشی سەربازی توركیا لە دژی كورد خۆش دەكات، پڕۆژه بڕیارێك پێشكەشی ئەنجومەنی پیران دەكەم بۆ ئەوەی لەو بڕیارە پاشگەز بینەوە".

گراهام باس لەوەش دەكات "من لەو باوەڕەدام هەردوو حزبە سەرەكییەكەی ئەمەریكا (كۆماری و دیموكرات) پشتگیری لەو پڕۆژە بڕیارە دەكەن".

ئەو سیناتۆرە باس لەوەش دەكات "كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری سوریا مانای پشتكردنە لە هاوپەیمانە كوردەكانمان و رادەستكردنی سوریا بە دەست روسیا، ئێران و توركیا، هەروەها ئازادكردنی تەواوی ئیسلامییە توندڕەوەكان و پێدانی چەكە بە شەڕانگێزان بۆ لەناوبردنی پیاوچاكان".

باسی ئەوەشی كردووە كە "ئەمەریكییەكان لەو باوەڕەدان دەستبەرداربوون لە كورد مەترسیدارترین ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەمەریكا هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراو نییە و ئەم بابەتە بابەتی كاتە، بەر لەوەی چین، رووسیا، ئێران، كۆریای باكوور بە شێوەیەكی مەترسیدار هەنگاو بنێن".