ژمارەیەك كەسایەتی هەرێم 6 داواكاری ئاراستەی حكومەتی عێراق دەكەن


ژیان: 
ژمارەیەك نوسەر و رۆژنامەنوس لە بەیاننامەیەكدا داوا دەكەن توندووتیژی و دەستدرێژیكردن سەر خۆپیشاندەران بوەستێندرێت و هەڵمەتەكانی دەستگیركردن و رەشبگیری خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و هاوڵاتیان كۆتایی پێبهێندرێت.

ئەو چالاكوانانەی هەرێم یكوردستان لە 6 خاڵدا داواش دەكەن دەستگیركراوانی خۆپیشاندەر و چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكاران بە زووترین كات ئازادبكرێن، خۆپیشاندەرانی بریندار چارەسەری پێویستیان پێشكەش بكرێت.

ئەوان داواش دەكەەن دەزگاكانی راگەیاند ئازاد بن لە روماڵكردندا و بكوژانی خۆپیشاندەران لە دەزگا ئەمنیەكان رادەستی یاسا بكرێن و و دادگایی بكرێن. 
دەقی بەیاننامەكە: 

بۆ رای گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان

چەند رۆژێكە لە شاری بەغداد و بەشێك لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق شەپۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری سەریهەڵداوە، لە پێناو خزمەتگوزارەییە سەرەتاییەكان و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و هەژاری و بێكاری، بەڵام لەبری جێبەجێ كردنی خواستەكانی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق،‌ بە گوللە روبەڕوویان بوونەتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق (104) كەس كوژراون و (6107) كەس برینداربوون، ئەمە سەرەڕای دەستگیركردنی سەدان كەسی دیكە. دەزگا ئەمنیەكان تەنها بە روبەرووبونەوەی حۆپیشاندەران نەوەستاون، بەڵكو بۆ كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتیەكان هەڵیانكوتاوەتە سەرنووسینگەی كەناڵەكانی (دیجلە، عەربیە، حەدەس، ئین ئاڕتی عەرەبی، فورات) و چەند دەزگایەكی راگەیاندنیان داخستووه.

ئێمە پێمان وایە، ئەم شێوازە لە روبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران كە تیایدا داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان و روبەڕووبونەوە و دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكەن، پێشێلكردنی راستەوخۆی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقە، هەروەك چۆن پێشێلكردنێكی مافە كەونیەكانی مرۆڤە، كە خۆی لە ئازادی رادەربڕین و دەستكەوتنی زانیاری و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ و خواستەكانی هاوڵاتیان دەبینێتەوە.

بەپێی ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2018، رێژەی بێكاری ( 40%) و هەژاری ( 41%)ە، بۆ گەندەڵیش عێراق لە پلەی (168)ە لەسەر ئاستی جیهان.

لێرەوە بەبیر دەسەڵاتدارانی عێراق دەهێنینەوە، بەم رەفتارەیان دەوڵەتی عێراق بەرەو دەوڵەتێكی ئەمنی توندوتیژی دوور لە بەها دیموكراسیەكان ئاراستەدەكەن؛ هەروەك چۆن ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی خواستەكانی خەڵك و پابەند بوون بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقیش، بەهەمان شێوە ئەركی روبەڕوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی كە لە هەرێمی كوردستان كەمتر نیە لە شارەكانی دیكەی عێراق، دەكەوێتە‌ ئەستۆی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان .

بۆیە ئێمە كە پێكهاتووین لە ژمارەیەك كەسایەتی و رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی، بە‌تووندی ئیدانەی پەلاماردان و هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و دەزگا راگەیاندنەكان دەكەین و، بە رەفتارێكی نامرۆڤانەی دوور لە چوارچێوه یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی دەزانین و، رایدەگەیەنین: بەردەوامی ئەم مامەڵە نامرۆییە و شكاندنی كەرامەتی هاوڵاتیان و گەلانی عێراق دەبێتە هۆی بنبەستبوونی حوكمڕانی عێراق لە‌ سیستەمێكی سەركوتكار.

بۆیە داوا دەكەین:

1- توندووتیژی و دەستدرێژیكردن و سەركوتكاری سەر خۆپیشاندەران بوەستێندرێت و كۆتایی پێبهێندرێت.

2- هەڵمەتەكانی دەستگیركردن و رەشبگیری خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و هاووڵاتیان كۆتایی پێبهێندرێت.

3- دەبێت دەستگیركراوانی خۆپیشاندەر و چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكاران بە زووترین كات ئازادبكرێن.

4- خۆپیشاندەرانی بریندار چارەسەری پێویستیان پێشكەش بكرێت و دەرگای نەخۆشخانەكان بەبێ فشاری هێزە ئەمنییەكان لەبەردەمیان كراوەبێت.

5- رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن ئازادبن لە رووماڵی كاری رۆژنامەنووسیان و هێرشەكانی سەریان بووەستێندرێت.

6- بكوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی لە دەزگا ئەمنییەكان رادەستی یاسا و دادگاكان بكرێن و دەربازیان نەبێت لە سزای یاسایی.

ناوەكان:
1- نیاز عەبدوڵڵا
2- محەمەد رەئوف
3- خالید سلێمان
4- تەحسین قادر
5- شوان محەمەد
6- كەمال رەئوف
7- رووناك رەفیق
8- سەرتیپ جەوهەر
9- ئەنوەر حسێن
10- ئارام مەحمود
11- پێشەوا چۆمانی
12- فازڵ حەمە رەفعەت
13- ئاوات محەمەد پیروەیس
14- یاسین تەها
15- ئالان بەرزنجی
16- عەلی كەریمی
17- بەشدار عوسمان
18- رێبوار ئەوڕەحمان
19- سەنگەر رەسوڵ
20- شەیدا ئەنوەر
21- هیوا عومەر
22- فەرهاد چۆمانی
23- مەعروف مەجید
24- هوشیار مالۆ
25- هۆگر چەتۆ
26- شوان سابیر
27- رێبین رەسوڵ
28- جەزا محەمەد
29- ئازاد عوسمان
30- كامەران عوسمان
31- بابان جەعفەر