عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ ژیان: ئەمجارە كورد لەناوچە جێناكۆكەكان دەنگی باش دەهێنێت

عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان

ژیان: تایبەت

عەبدولڕەحمان مستەفا، هەفتەی رابردوو وەكو سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كەركوك، دیالە، موسڵ دەستنیشانكرا، لەم دیدارە تایبەتەی لەگەڵ ژیان باسی كارەكانی‌و خاڵی بەهێزی لیستەكە دەكات لەو ناوچانە، ئەوە دەڵێت، زۆترین دەنگ بەدەست دەهێنین، جەختیش لەسەر ئەوەدەكاتەوە خەڵكی ئەو ناوچانە زۆر دڵخۆشە بەم لیستە.

ژیان: ئەجێنداری كاری بەڕێزتان‌و ئامادەكارییتان چی دەبێت بۆ سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنتان؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: كاری هیچ پەیوەست نیە بەپۆستەكان‌و پارێزگاری كەركوكەوە نیە، چونكە من سەرۆكی قەوارەكەم، قەوارەكە تەنیا بۆ پارێزگای كەركوك نیە‌و هەموو ناوچە دابڕاوەكان دەگرێتەوە كەپێكهاتوون لەكەركوك، نەینەوا‌و دیالە، لەوانەشە پارێزگای سەحەڵادین بگرێتەوە، ئێمە نوێنەرایەتی ئەوان دەكەین‌و بزانین كارەكانیان چیە‌و كێشەكانیان چیە‌و چارەسەری كێشەكانیان دەكەین، هەوڵدەدەین لیستەكانیان سەركەوتوو بێت، لەڕێگەی هەماهەنگیەوە هەوڵی سەرخستیان دەدەین، لەهەر پارێزگایەك ڕێپێدراوێك دادەنرێت، هەر شتێك لەبەرژەوەندی ئەو لیستانە بێت ئێمە ئەوانە دەكەین.

ژیان: هەموو سەرۆك لیستێك لەخاڵێكی بەهێزەوە دەیەوێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، خاڵی سەركەوتنی بەڕێزتان چیە؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: ئەوە زیاتر ئێوەو خەڵك دەزانن، بەڵام ئەوەندی بزانم خەڵك‌و پێكهاتەكان پەیوەندی گەرمیان لەگەڵ من هەیە من بەردەوام لەگەڵیان بووم، دانەبڕاوم لێیان سەردانم هەبووە لەگەڵیان، خەڵكیش ڕێزی تایبەتی بۆ داناوم.

ژیان: پێت وایە ئەم یەكگرتنە لەقازانج گەلی كوردە؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: بەڵی بەدڵنیایەوە لەقازانجی گەلی كوردە، بڕۆ مێژوو سەیر بكە ئەوەی دەستمان كەوتووە بەیەكگرتوویی دەستمان كەتووە، هیودارم دەنگێكی باش بهێنین، تێبینی ئەوەشم كردووە كورد لەو ناوچانە دەنگی باش بهێنت، چونكە بەدەمەوەهاتنی خەڵكی بۆ لیستەكە زۆرباشە‌و خەڵكی ئەو ناوچانە بەگشتی دڵخۆشن كورد بەیەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەكات.

ژیان: بەڵام قسیەكی جیاواز هەیە كەیەكلیسی دەنگەكانی كورد پەرتەوازە دەكات، ڕەنگە ئەندامانی لایەنێك دژی لایەنێكی تر دەنگ نەدەن؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: بەپێچەوانەوە بەهیچ شێوەیەك وانیە، چونكە ئەگەر لیستێكی گەورەت هەبێت‌و دەنگێكی زۆر بهێنیت بەدڵنیاییەوە ژمارەی كورسیەكانت زیاتر دەكات، ئەوەش بەگوێرەی یاسای سانتلیۆگۆیە كەپێوەرە بۆ دابەشكردنی كورسیەكان بەڕوونی ئەنجامەكەمان پێدەڵێت، لیستی گەورە‌و قەبارەی گەورە‌و دەنگی زۆر ژمارەی كورسیەكانی كورد زیاتر دەكات.

هیوادارم ئەم یەكێتیە بەردەوام بێت نەك بۆ ئەم لیستە، بەڵكو بۆ هەموو هەڵبژاردنەكان‌و هەڵوێستەكان‌و ئەم یەكڕیزیە بپارێزین

ژیان: ئەتوانین بڵێین ئەمجارەش كورد زۆرینەی دەنگ دەبێت لەكەركوك؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: هیوادارین، ئێمەی پشبینی ئەوە دەكەین خەڵك ئەمڕۆ زۆر دڵی خۆشە كورد بۆ یەكەمجار بەیەكێتی‌و ڕێك‌و تەبا دابەزیوون ئەوەش بووەتە مایەیی دڵخۆشی خەڵكی خۆمان، هەر ئەوەش دەبێتە مایەیی خەڵكی ئەو ناوچانە بەدەنگ داواكارییەكانمانەوە بێن‌و دەنگەكانیان نەفەوتێنن‌و دەنگەكانیان نەچێت بۆ لیستەكانی دیكە.

ژیان: وەكو سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی، پەیامت چیە بۆ هاوڵاتیانی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: من پەیامم ئەوەیە بەزوترین كات ئەوەی كارتی بایۆمەتری نیە كاروبارەكانی دەرهێنان‌و یان وەرگرتنەوەی كارتەكانیان جێبەجێ بكەن، تەنها یەك دەنگ لەدەست نەدەن، هەموو هاوڵاتیان بەدەنگی لیست‌و قەوارەكەی خۆیانەوە بێن ئەمەش لەم بارودۆخە ناسكەدا پێویستە هەموان بەكاری خۆمان هەستین، كەسمان نابێت لەم دۆخە هەستیارەدا لەم ئەركە دوور بكەینەوە.

ژیان: خۆت دەزانیت بەتایبەت لەكەركوك، یەكێتی كلیلیی سەرخستنی لیستەكەیە، پەیامت چیە بۆ ئەوان؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: من بەتەنها داوا لەیەكێتی ناكەم، بەڵكو داوا لەهەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەم، چونكە ئەمڕۆ من نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەكانم‌و هەموان دەنگیان بەمن داوە‌و داوایان لەمن كردووە‌و بەكۆی دەنگ منیان بەسەرۆكی ئەم لیستە هەڵبژاردووە، من نوێنەرایەتی هەموویان دەكەم لەبەرئەوە داواكارم لەهەموویان ئەم یەكڕیزی‌و تەبایبەی لەنێوانیان هەیە بیپارێزن ئەوەش دەبێتە مایەی سەركەوتنی لیستەكە‌و بەدەستهێنانی ژمارەیەكی باشی كورسیەكان، بۆ ئەوەی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان زامن بكەین.

ژیان: یەكێتی هیچ دانشتنێك یان پەیامێكی تایبەتیان پێداویت؟

عەبدولڕەحمان مستەفا: نەخێر، چونكە ئێمە لەگەڵ هەموویان پێكەوە كۆبوینەتەوە پێكەوە بەبێ جیاوازی ئەو متمانەیان بەخشیوەتە من، كەشەرەفێكی گەورەیە‌و سوپاس یان دەكەم، پەیوندیم باشە لەگەڵ هەموویان كێشەم لەگەڵ كەسیان نیە، هیوادارم ئەم یەكڕیزیە بێتە مایەیی سەركەوتن‌و دڵخۆشی، هیوادارم ئەم یەكێتیە بەردەوام بێت نەك بۆ ئەم لیستە، بەڵكو بۆ هەموو هەڵبژاردنەكان‌و هەڵوێستەكان‌و ئەم یەكڕیزیە بپارێزین.