بەزۆر بەشودان 10 ساڵ سزای لەسەرە

مامی: ویستی بەزۆر بیدات بەشوو
ئاماری بەزۆر بەشوودان لەهەرێم تۆمارنەكراوە

ژیان: هەستی ئەحمەد

شیلان لەبەردەم پۆلیسی سلێمانی وەستابو ئەیویست سكاڵا بكات دژی بەزۆر بەشوودانی لەلایەن مامییەوە، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كچان هێشتا بەزۆر بەشوو دەدرێن لەلایەن كەس‌و كارییانەوە.

شیلان، تەمەن ١٦ ساڵ، لای مامی ژیان بەسەردەبات سەبارەت بەزۆر بەشوودانی بۆ ژیان وتی "باوكم مردووە دایكیشم هاوسەرگیری كردوەتەوە لەلای مامم ژیان بەسەردەبەم، بەڵام زۆری لێكردم هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێك بكەم بەدڵم نییە".

" لەماڵەوە رامكرد هاتم بۆئەوەی سكاڵا لای پۆلیس بكەم، چونكە زۆرم لێدەكەن ئامادەی هاوسەرگیریم نییە". شیلان وای وت.

كەمنین ئەو كچانەی لای كەسوكاریان هەوڵی بەزۆر بەشودانیان لەسەرە، ئەوان رێگەی جۆراوجۆر دەگرنەبەر

مەریوان حوسێن، توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ ژیان دەڵێت" ئەو هۆكارەی وادەكات كچان هانا بۆ پۆلیس ببەن‌و سكاڵا بكەن بەهۆی زۆرلێكردنیانە بەزۆر بەشوودەدرێن‌و بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان".

ئەگەر چی تاوەكو ئێستا ئامارێك نییە دەری بخات سەبارەت بەزۆر بەشوودان،  بەڵام سكاڵاكان لەسەر توندوتیژی زۆرن.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی لەهەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٨ لەهەولێر سێ هەزارو٣٦٩ سكاڵا، دهۆك دوو هەزارو٤٨٦، سلێمانی هەزارو ٨٩٤، گەرمیان ٩٩٩ سكاڵا تۆماركراوە.

هەر كەسێك بەزۆر كچ بەشوو بدات دەستگیردەكرێت بەزیاتر لە 10 ساڵ

هەروەها ئاماری ٨ مانگی ساڵی ٢٠١٩ ، لە هەولێر هەزارو ٧٥٤، لەدهۆك هەزارو ٢١٦، لەسلێمانی هەزارو ٢٤٣، لەگەرمیان ٣٨٢، واتا بەكۆی گشتی چوار هەزارو  ٥٩٥سكاڵا تۆماركراوە.

ئاری ڕەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی توندوتیژی ژنان بۆ ژیان وتی "ئاماری بەزۆر بەشوودان لەهەرێم دانییەو تۆمارنەكراوە، ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە بەزۆر دەكرێ‌و زۆر جار لەدەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێت".

وتیشی "ئەگەر كەسێك بێت‌و سكاڵا بكات بەدواداچوون بۆ كەیسەكان دەكەین".

لە ڕووی یاساشەوە بەزۆر بەشوودان سزای بۆ دیاری كراوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی لەدەرەوەی دادگا كارەكە دەكەن.

دڵشاد محمد، پارێزەر  سەبارەت بەزۆر بەشوودان بۆ ژیان دەڵێت "بەپێی ماددەی ٩  بڕگەی ١ لەیاسای باری كەسێتی  باس لەسزاكەی دەكات‌و دەڵێت، هیچ كەسێك مافی نیە بەزۆر كچ بەشوو بدات یان ژن بۆكورەكەی بهێنێت ئەمە بەهاوسەرگیری بەزۆر دادەنرێت سزای لەسەرە"

ئەو پارێزەرە زیاتر ڕوونی كردەوە وتی "  لەمادەی ٩ بڕگەی ٢ دا باس لەسزاكەی كراوە سزای گرتن كەمتر نەبێت لە ٣ ساڵ  یان پێبژاندن بەغەرامە، بەڵام ئەگەر سەرپێچیكارەكە كەسی نزیكی بێت سزاكەی گرتنە لە ١٠ ساڵ كەمتر نەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەر كەسێك  زۆری لێكرا بۆ هاوسەرگیری دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات‌و دادگاش ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر".