کچان بە نهێنی تاتۆ لە شوێنە هەستیارەکانیان دەکەن

تاتۆ

ژیان: هەستی ئەحمەد

چاوان بەدزی ماڵەوە تاتۆی لەشوێنێكی هەستیاری جەستەیدا كردوە، تاتۆكەی پەپولەیەكە بۆ ماوەی چوار ساڵە كێشاویەتی بەبێ ئاگاداری ماڵەوە.

چاوان بۆ ژیان وتی "بەدزی ماڵەوە تاتۆم كردوە ئەگەر ماڵەوە بزانن لێم توڕە دەبن، هۆكاری تاتۆ كردنم بەس حەزێكەو هیچی كە".

كێشانی تاتۆ ساڵانێك لەمەوپێش كوڕان زیاتر روویان لێدەكرد، بەڵام لەئێستادا كچانیش بەشێوەیەكی شاراوە لەسەر جەستەیاندا دەیكێشن.

وتیشی "ئەگەر ماڵەوە پێم بزانن لێم توڕە دەبن گەر ڕازی بونایە بۆ بەدزیەوە دەچوم تاتۆ بكەم"

شەیما مەحمود، تەمەن ٢٢ ساڵ كچێكی ترە خەڵكی شاری كەلارە بەشاراوەیی تاتۆی كردوە، بۆ ژیان وتی "تاتۆ شتێكی جوانە بەلامەوە سەڕەڕایی ناڕازی ماڵەوە، بەڵام بەبێ ئاگاداری ئەوان لەشوێنێك كێشاومە دیار نەبێت".

ئەو كچە دەڵێت، تاتۆ شتێكی ئاسایە، بەڵام لەناو خەڵكدا گەر كچێك تاتۆ بكات بەشێوازێكی خراپ لێی دەڕوانن، ئەوە زۆر دڵگرانم دەكات. 

نەخۆشیە گوازراوەكان لەرێگەی تاتۆ دەگوازرێنەوە

كچان بەشاراوەیی تاتۆ دەكەن، بەڵام ئافرەتانێك هەن بەئاشكرا دەیكەن لەلایەن كەسە خۆشەویستەكانیانەوە دەكرێت بەدیاری بۆیان.

ئەڤین ساڵح، تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هاوسەرەكەیەوە تاتۆی بەدیاری بۆ كراوە، بۆ ژیان دەڵێت "حەزی من تاتۆ بوو، مێردەكەم دڵی نەشكاندم تاتۆیەكی بۆ كردم بەدیاری لەڕۆژی ساڵ یادی لەدایك بونم لەسەر ملم".

تاتۆ كارێك سەبارەت بەتاتۆ دەڵێت، چەندە كوڕان ڕوو لەتاتۆ دەكەن بەئاستی ئەوەش كچان ڕووی لێدەكەن.

شڤان ساڵح، كوڕێكی تەمەن ٢٥ ساڵە ماوەی ٦ ساڵە تاتۆ دەكات لەسنوری گەرمیان بۆ ژیان وتی "كچان بەشێكی زۆریان ڕوویان لەتاتۆ كردوە بەجۆرێك دەتوانم بڵێم لەهەفتەیەكدا ١٥ تاتۆم كردوە نیوەی كچ بوون".

سەبارەت بەنرخەكانیش وتی " نرخی تاتۆ بەپێی گەورەیی‌و بچوكی دەگۆڕێت، لە ٥ هەزارەوە دەست پێ دەكات بۆ ٣٠٠ هەزار".

كردنی تاتۆ لە ڕووی تەندروستیەوە زیانی دەبێ بۆ سەر كەسەكە توشی نەخۆشی دەكات گەر بەشێوازێكی هەڵە بكرێت.

دكتۆر هێمن زەمان، پسپۆڕی پێست بۆ ژیان وتی "ئەگەر ئامێرەكان پاككردنەوەیان بۆ كرابێت هیچ كێشەو گرفتی نیە، بەڵام ئەگەر ئامێرەكان پاكنەكرابنەوە ئەوا كەسەكە رووبەڕووی نەخۆشی دەكاتەوە".

وتیشی، ئەو نەخۆشیانەی لەڕێگەیەوە دروست دەبێت هەستیاری پێست كورت خایەن‌و درێژخایەنە، كەسەكە توشی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەرو ئایدز دەكات‌و دەگوازرێتەوە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بەهۆی پیسی ئامێرەكەو لەوانەیە ئەو كەسەی تاتۆكە دەكات نەخۆشی ئایدزی هەبێت ئەكەش دەگوازێتەوە.

ئەو دكتۆرە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات تاتۆ دەكەن‌و دەڵێت، هەوڵ بدەن تاتۆی بچوك بكەن بۆ ئەوەی توشی هەستیاری‌و نەخۆشی بوون بەئاسانتر كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت.