هەڵوێستی گۆڕان لەبارەی کۆبونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی


ژیان:
سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پێویستە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت بەتایبەت سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 9-10-2019 شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە(عیماد ئەحمەد، لەتیف شێخ عومەر، عەدنانی حەمەی مینا،  شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی) سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لەشاری سلێمانی و لەلایەن شاندی بزوتنەوەكە كە پێكهاتبوون لە ( عومەری سەید عەلی، جەلال جەوهەر، عەدنان عوسمان، دەرباز محەمەد، برزۆ مەجید و شەماڵ عەبدولوەفا) پێشوازیان لێكرا.

دوای كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی و گۆڕان، عەدنان عوسمان  ئەندامی خانەی راپەڕاندن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، برادەرانی یەکێتی بۆ پیرۆزبایی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هاتبون.

وتیشی، ئەو هەنگاوانە بۆ کۆبونەوە بە گرنگ دەزانن، بە تایبەت لە نێوان گۆڕان و یەکێتی کە لە ناوچەیەکین پێویست دەکات پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانماندا هەبێت.

سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان گۆڕان و پارتی و یەکێتی، عەدنان عوسمان وتی، پێشتریش داوامانکردووە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان پارتی، گۆڕان و یەکێتی بۆ باشترکردنی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.

عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای کۆبوونەوەکە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە حوکمێکی ناوخۆی هاوبەشداین و پێویستە پەیوەندییەکی باش لەنێوانی ئێمەدا هەبێت، هەروەها پێویستە پەیوەندییەکی باش لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان هەبێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، عەدنان عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە پشتگیرییەکی تەواو لە داواکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکەین، دژایەتی تورکیاش جگە لە تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە هیچی دیکە نییە، بۆیە دەبێت ئەو دووژمنکارییە بوەستێت و ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکەین.