ڕۆحانی: ئەو ڕێگایەی تورکیا هەڵیبژاردووە هەڵەیە

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران

ژیان:

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی تورکیا داوێتی بۆ هێرشکردنی سەر رۆژئاوای کوردستان بڕیارێکی هەڵەیە و دەبێت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لەبارەی ناوچەی ئارام لە سووریا پێویستە ڕێگە و بڕیاری درووست بدرێت.

وتیشی، ئێمە وەک سەرۆکی هەرسێ وڵاتانی ئێران، ڕووستا و تورکیا ڕاشکاوانە باسمان لەوەکرد تەنیا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچە و هاوکاریی وڵاتانی دیکە و ئامادەبوونی سوپای سووریا لە سنوورەکانی باکووری سووریا و باشووری تورکیا، ئاسایشی ناوچەکە دابین دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری ئێستای تورکیا و ڕێککەوتنەکانی پشت پەردە لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نییە، هەر بۆیە داوا لە وڵاتی دۆست و برامان تورکیا و دەوڵەتەکەی دەکەین کە لەوبارەیە وردبینانەتر بڕوانێت و بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە دۆخێکداین کە دەبێ ناوچەکە بەرەو ئاسایش و ئاشتی ببەین هەر بۆیە بڕیاری ئێستای تورکیا بە زیانی ناوچەکەیە.