ئەنەكەسە داوای رۆڵبینین دەكات لە بەڕێوەبەرایەتیەكی نوێی رۆژئاوای كوردستاندا


ژیان: 
ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان داوای پێكهێنانی بەڕێوەبەرایەتیەكی هاوبەش دەكات و دەیەویچت خۆی رۆڵی تیایدا هەبێت. 

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە) راگەیێندراوێكی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و هێرشی توركیا بڵاوكردەوە لە ئێستاوە دەیەوێت لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی ناوچەكە رۆڵی پێ بدرێت. 

لە راگەیەندراوی ئەو ئەنجومەنە كە نزیكی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەڵێت "باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێكهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەكی نوێ بۆ ناوچەكەیە كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆبگرێت و هەروەها دامەزراندنی هێزێكی سەربازی هاوبەشە بۆ بەرگریكردن و پاراستنی ناوچەكە".

 ئەنەكەسە داواش دەكات گۆڕانكاری دیموگرافی ئەنجام نەدرێت و ئەوەش بە ئەنجامی كارەساتبار وەسف دەكات و دەشڵێت: داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بە سووریاشەوە دەكەین، چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە بدۆزنەوە لەنێوانیاندا پرسی گەلی كورد.

 ئەو جگە لەوەی لە راگەیەندراوەكەدا ئەو حزبە رەخنە لە پەیەدە دەگریت و دەڵێت "پەیەدە سیاسەتی قۆرخكردنی دەسەڵات پەیڕەو دەكات و رێگەش بە هیچ جۆرە نزیكبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنەكانی دیكە نادات".