كاردانەوە خێراكان لەدوای هێرشەكەی توركیا بۆسەر رۆژئاوا


ژیان: 
دوای راگەیاندنی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرۆك كۆماری توركیا، چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.كە سەرجەمیان داوای راگرتنی هێرشەكە دەكەن. 

 لەلایەن خۆشییەوە جیری ماتیۆز ماتجیلا، باڵیۆزی باشووری ئەفریقا، سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایش، داوای لە توركیا كرد خەڵكی سڤیل بپارێزێت و لە پرۆسە سەربازییەكانی لە سوریا كۆنتڕۆڵی هەڵسوكەوتەكانی خۆی بكات.

هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەبەرامبەر ئەو هێرشە رایگەیاند  "پرۆسەی‌ سەربازیی توركیا لە سوریا دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەكە و بوونی داعش بەهێزتر دەكات".

ئەمیلی دو مۆنشالان، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ كاروباری ئەوروپا، وتی"فەڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی هێرشی توركیا دەكات و داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات".

جان – كڵۆد یۆنكەر، سەرۆكی یەكێتی ئەوروپا، داوای لە توركیا كرد هێرشەكانی لە سوریا رابگرێت و بە ئەنقەرەی راگەیاند كە یەكێتی ئەوروپا پارە نادات بۆ دامەزراندنی بەناو "ناوچەی ئارام" لە باكوری سوریا.

هەر دوای هێرشەكە رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دا لە بەئامانجكردنی خەڵكی سڤیل و ئامانجە مەدەنییەكان.

كرێس ڤان هۆلین، كۆنگرێسمانی ئەمەریكیهەڕەشەی لە توركیا كرد و وتی "دەبێ توركیا باجی ئەو هێرشەی بداتەوە، كە بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێكردووە".

لە دواین هەواڵیشدا بڕیارە سبەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام بدات تایبەت بە پرسی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستنا لەلایەن توركیاوە. 

لە نوێترین كاردانەوەشدا، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە حكومەتی میسر بە ماڵپەڕی رووسیا تودەی راگەیاند كە پرۆسە سەربازییەكەی توركیا لە سوریا هەڵسوكەوتێكە لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و میسر ئەو پرۆسە سەربازییە رەتدەكاتەوە.