حكومەتی هەرێم؛ ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان كردووە


ژیان: 
حكومەتی هەرێم ئامادەكاری كردووە بۆ وەرگرتنی ئاوارە لە رۆژئاوای كوردستانەوە و ئەمڕۆش لە كۆبونەوەی خۆیدا گفتوگۆی لەبارەوە كردووە و داواشی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كرد كار بكات بۆ رونەدانی هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان. 

دوای كۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تیایدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند: لە كاتێكدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەكانی خۆپێشاندەران دەكەین كە بە شێوازێكی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشكەشی بكەن. لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

حكومەتی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا لەدوای كۆبونەوەكە  لەبارەی رەوشی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: ئاڵۆزتربونی دۆخی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا كاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەكانی تەنیا لە چوارچێوەی سنوری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵك و بەشێكی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و بڕیاری تاكلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ناوچەكەدا نییە.

هەر لەو كۆبونەوەیەی ئەمڕۆدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، راپۆرتێكی "دەربارەی ئامادەكاری وپێداویستییەكانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو. داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرا كە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ میوانداریكردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا".

هەر لەو كۆبونەوەیەدا ئەنجومەنەكە "وەزیرە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ زامنكردنی دەستەبەری كرێكاران و پێدانی پارەی بەشدارییەكانی كرێكاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران".