هەولێر؛ کەسێک دەستگیرکرا کە بەناوی نوشتە و دوعاکردنەوە چەندین ئافرەتی هەڵخەڵەتاندووە

وێنەی تۆمەتبارەكە

ژیان:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، یەکێک لەو تۆمەتبارانەی خاوەنداریەتی ئەکاونتێکی ساختەی دەکرد بەناوی (نوشتە و جادوو) دەستگیرکرا.

لەراگەیەندراوێكدا بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ڕێکەوتی 9/10/2019 ئافرەتێک بە ناوی (س.ع.س) ئامادەبوو لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر، ڕایگەیاند لەڕێگەی ئەکاونتێک بە ناونیشانی (نوشتە و جادوو) هەڵخەڵەتێنراوە و هەڕەشەی لێ دەکرێت و داوای پارەی لێ دەکات".

دەشڵێت" بۆیە لە نوسینگەی منارەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بەسەرپەرشتی نەقیب (کارزان سابر حمد) لێپرسراوی نوسینگەی منارە، مەفرەزەیەک پێکهێنرا و توانرا تۆمەتبار لە بۆسەیەکدا دەستگیربکرێت و دەستگیرا بەسەر هەندێک نوشتە و بەڵگەی تر، کە لە کارەکەی دا بەکاری هێناوە".

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت" دوای وەرگرتنی وتەکانی تۆمەتبار، دەرکەوت ناوی (ف.م.ٲ) و دانی بە تاوانەکەی دانا، کە هەڵساوە بە دانانی ئەکاونتێکی ساختە بەناوی (نوشتە و جادوو)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خۆی بە شێخ ناساندووە، دواتر داوای وێنەی لەو ئافرەتانە کردووە کە پەیوەندیان پێوە کردووە، هەروەها دانی بەوەدانا کە هەڕەشەی لە دادخواز کردووە و داوای پارەی لێکردووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو" پەڕاوەکەی ڕەوانەی بەردەم دادوەر کرایەوە و لە ئێستا دا تۆمەتبار بە پێی ماددەی (٤٥۲) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە کێشەکە بەردەوامە.

لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین، لەکاتی بونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە زوترین کات پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (۱۱۹)، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاوێژی ( یاسایی، دەرونی، کۆمەڵایەتی)، یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بکەن".