فازل بەشارەتی بۆ ژیان: یەكێتی‌و گۆڕان تا ئێستا كاندیدەكانیان ئامادەنیە بۆ گۆڕانكارییەكانی قۆناغی دووەمی حكومەت

خۆپیشاندانەكان روو لەهەرێم ناكەن‌و لایەنەكان پەندیان وەرگرتووە
فازل بەشارەتی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

ژیان: هەڤاڵ غالب

ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگاكانی ناوڕاست‌و خواروی عێراقی گرتۆتەوە، هاوڵاتیان داوای باشكردنی گوزەران‌و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەكەن، هاوكات رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی داواكاری سەرەكییانە‌و بۆ ئەو مەبەستە چەند لایەنێكی عێراقی پشتیوانی خۆیان بۆ داواكارییەكانیان دەربڕیووە.

لەم چاوپێكەوتنەدا فازل بەشارەتی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بەبارودۆخی عێراق‌و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان‌و رێككەوتنی لایەنەكان دەداتەوە‌و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی، یەكێـتی‌و گۆران بە" زۆرباش " وەسف دەكات.

ژیان: خوێندنەوەتان بۆ ئەو بارودۆخە نوێیەی عێراق چۆنە كەلەئێستادا لەبەشێك لەپارێزگاكان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت؟

فازل بەشارەتی: بەبڕوای ئێمە عێراق كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشی زۆر گەورە، بەرداشی ئەمریكا‌و ئێران، ئەمە یەكێكە لەهۆكارەكان كەبەبڕوای من عێراق بەنا سەقامگیری دەمێنێـتەوە هەتا ئەو دوو هێزە لەململانێی یەكتردابن‌و دۆخی عێراق ناجێگیرتردەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەو كێشانەی لەنێوان لایەنە عێراقیەكاندا هەیە هۆكارێكی ترە چونكە هەریەك لەو لایەنانە دەستیان بەدەستی یەكێك لەو زلهێزانەوەیە، هەندێك لەسەركردە شیعەكانی عێراق نایانەوێـت پشتیوانی یەكتر بكەن نایانەوێت رازیبن بەو پرۆسە دیموكراسیەی لەعێراقدا كەناوی هەیە‌و بوونی نیە، بۆیە ئەوەی زۆر زەرورە هێزە سیاسیە كوردستانیەكان دەنگی خۆیان یەك بخەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان دوربێت لەو بەرداش هاڕینەی نێوان دەوڵەتەكان، هەروەها دوربێـت لەو ملیملانێ خوێناوییەی لەدوای 2003وە لەعێراقدا هەبووە‌و تا ئێستا كابینەیەك نەبووە هەموو هێزە سیاسیەكان پشتیوانی بكەن‌و هەوڵی پێشخستنی پرۆسە دیموكراسیەكە بدەن.

ژیان: پێتان وایە خۆپیشاندانەكان بۆ خزمەتگوزارییەكانە‌و خۆرسكە یان دەستی حزبەكانی تێدایە‌و مەرامی ئەوان لەپشتی داواكارییەكانە؟

فازل بەشارەتی: عێراق لەسەر دەریای نەوتە، بەڵام دانیشتوانەكەی لەقات‌و قری‌و لەبرسێـتیەكی زۆر خراپدایە، دوێنێ گەنجێك لەبەغداد كوژراوە‌و برایەكیشی پێشتر لەموسڵ لەشەڕی داعش كوژراوە‌و باوكیشی توشی نەخۆشی دەروونی بووە، ئەو شوێن‌و نیشتەجێبوونەی ئەو خێزانە كەنیشاندرا بەڕاستی هەر ئەو خێزانە مافی شێـت بوون‌و یاخی بوونیان لەدەوڵەت هەیە، پێم وایە ئەوە مشتێكە لەخەروارێك‌و یەكێكە لەو نمونانەی كەژیانی خەڵكی عێراق نیشان دەدات لەهەمان كاتدا سەروەت‌و سامانی عێراق لەلایەن بەرپرسە باڵاكانی خودی عێراقەوە بەتاڵان دەبرێت‌و خەڵكەكەشی لەقات‌و قڕییەكی زۆر خرپدا دەژین.

عێراق لەسەر دەریای نەوتە، بەڵام دانیشتوانەكەی لەبرسێـتیەكی زۆر خراپدان

ژیان: تا چەند بارودۆخەكە لەكۆنترۆڵدایە‌و پێتان وایە پەل بكێشێـت بۆ شۆڕش‌و كودەتا؟

فازل بەشارەتی: بەبڕوای من سویچەكەی بەدەستی دەوڵەتەكانی دەرەوەیە، ئەگەر بیانەوێت بەردەوامی دەبێت تا ئەو حكومەتە لەناو دەبەن، بەشێك لەسەركردە سیاسیە عێراقیەكان دەیانەوێـت بەردەوامی هەبێـت‌و دەیانەێـت ئەو حكومەتە بڕوخێنن كەبەبڕوای من روخاندنی ئەو حكومەتە نەلەبەرژەوەندی عێراقیەكانە نەلەبەرژەوەندی هەرێم‌و دەرەوەی عێراقیشە، چونكە ئەو دەوڵەتە دەیەوێـت چاكسازی بكات‌و كێشەكان كەم بكاتەوە بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان .

ژیان: ئەم خۆپیشاندانانە كاریگەرییان لەسەر رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد دەبێت، تا چەند رێككەوتنەكان دوادەخات كەچەند هەنگاوێكی ناوە؟

فازل بەشارەتی: بێگومان كاریگەری دەبێت ئەگەر پشێوییەكان بەردەوامی

هەبێـت، چونكە ئیتر كەسێك نامێنێت لەعێراقدا بۆ وتوێژكردن لەگەڵ هەرێم هەمووی دەكەوێـتە هۆڵی خۆی كەئایە چی بكات ماڵ‌و منداڵی بپارێزێـت یان دەسەڵاتەكەی، بۆیە من پێم وایە ئاڵۆزییەكان ئەگەر بەردەوامبێت هۆكاردەبێت بۆ فەشەلبوونی ئەو وتوێژەی لەنێوان هەرێم‌و بەغداد هەیە.

ژیان: دەربارەی بارودۆخی هەرێم، تا چەند لێكچوون لەنێوان گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم‌و داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراق دا هەیە؟

فازل بەشارەتی: زۆر جیاوازی هەیە لەنێوان گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم‌و گوزەرانی هاوڵایانی ناوڕاست‌و باشووری عێراق، بەڕاستی خەڵكی هەرێم رۆژانە گوزەرانی بەرەو باشتر دەچێـت، هەرێمی كوردستان سەقامگیرە بۆیە پێویستە هەموو هێزە سیاسیەكان دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن‌و هەموویان خۆیان بەبەرپرس بزانن لەپارێزگاریكردنی، چونكە هەمیشە هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2003 وە بارودۆخی بەرەوباشترە چووە لەچاو عێراقدا، راستە لێرە گلەیی‌و گازندە هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هەمیشە بەشێك لەداهاتی هەرێم لەبەغداوە هاتووە بۆیە هەركاتێك لەوێ‌ كێشە هەبێـت لێرەش كێشەی ئابووری دروست دەبێت. پێم وایە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ چارەسەری هەموو گرفتەكان بەتایبەت گرفتی ئابووری خەڵك، دەبێت خەڵك‌و حزبە سیاسیەكانیش هاوكاربن بۆ ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان نەبەسترێـتەوە بەبارودۆخی هیچ شوێنێكەوە بۆ تێكدان.

بەردەوامی خۆپیشاندان فەشەلی رێككەوتنی هەولێرو بەغدادە

ژیان: دۆخی رێككەوتنەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێـتی چۆنە؟ لەكاتێكدا گۆڕان گلەیی هەیە‌و یەكێتیش داوای دەسەڵاتـی زیاتر بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات؟

فازل بەشارەتی: رێككەوتنەكانی نێوان پارتی‌و یەكێـتی، پارتی‌و گۆڕان لەئاستێكی زۆر باشدایە، راستە زۆر شت ماوە بكرێت كردنەكەی تەنها پەیوەندی بەپارتیەوە نیە بەشێكی پەیوەندی بەئەوانەوە هەیە من پێم وایە نەیەكێـتی‌و نەگۆڕان كاندیدەكانیان ئامادەنیە بۆ گۆڕانكارییەكانی قۆناغی دووەمی حكومەت، بەڵام وتوێژ‌و داواكاری لایەنەكان لەگەڵ پارتی هەر بەردەوام دەبێت ئەمە ناكاتە ئەوەی كێشە لەنێوانیان هەبێت، ئەو داواكاریانە بەردەوام هەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان، لەهەمان كاتدا ئێستا ئیدارەیەكی سەركەوتووی باش بەڕێوەدەبرێت كەهەموو لایەك بەشدارن تیایدا .

ژیان: پارتی ئەو نیگەرانیانە چارەسەردەكات یان پشتگوێی خستووە؟ پێتان وایە ئەو نیگەرانیانە پەل بكێشێـت بۆ كشانەوە لەحكومەت؟

فازل بەشارەتی: پارتی زیاتر پێداگرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پارتی زۆر بەپەرۆشە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە ئیدارییەكان‌و كێشە ئابورییەكان‌و قۆناغی دوومی گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، پارتی بەردەوام لەرێككەوتندایە لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەت یەكێـتی‌و گۆڕان كەدوولایەنی سەرەكین لەناو كابینەی حكومەتدا، لێكتێگەیشتنی باش هەیە‌و هەموو لایەك بەپەرۆشن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كەهەیە .

ژیان: هەرێم هیچ خۆ ئامادەكردنێكی هەیە بۆ ئەو بارودۆخەی عێراق پیایدا تێدەپەڕێت، لەلایەك رێگری بكات نەگاتە هەرێم‌و لەلایەك خۆی ئامادەبكات بۆ قۆناغێكی نوێ لەعێراق ؟ 

هاوڵاتیانی هەرێم‌و لایەنەكان جارێكی تر بیر لەوە بكەنەوە پشێوی لەناو هەرێمی كوردستان دروست بكەن

فازل بەشارەتی: پێم وانیە ئەو بارودۆخە روو لەهەرێم بكات چونكە بارودۆخی هەرێم جێگیرە هەموو لایەنەكان پەندیان وەرگرتووە‌و ئەزمونیان وەرگرتووە لەو پشێوییەی رابردوو كەهەبوو، هاوڵاتیان زەرەرمەندی یەكەم بوون لەو پشێویانەی رابردوو كەلەهەرێمی كوردستان هەبوو، پێم وانیە هاوڵاتیانی هەرێم‌و لایەنەكان جارێكی تر بیر لەوە بكەنەوە پشێوی لەناو هەرێمی كوردستان دروست بكەن بەپێچەوانەوە كەئێستا پشێوی لەعێراق هەیە دەبێت لایەنەكان زیاتر هەوڵی رێكخستنی ناوماڵێ‌ هەرێمی كوردستان بدەن چونكە كەلێنێكی گەورە لەژیانی سیاسی ئێمەدا هەیە ئەویش ئەو ناوچە كوردستانیە دابراوانەیە پێویستە هەموومان كار بۆگەرانەوەی بكەین نەك كێشەیەك دروست ببێـت ئەوەشی كەهەمانە لەدەستمان بچێت .