سلێمانی: 11 تۆمەتبار دەستگیرکران

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی_ لۆگۆ

ژیان:

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ژمارەیەك تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە چەندین تۆمەتی جیاوازیان ئەنجام داوە.

پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لەچەند چالاكییەكی‌ هێزەكانی‌ پۆلیس دا، 11 كەس بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ چەند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر دەستگیركران.

دەشڵێت "چوار تۆمەتبار دەستگیركراون كە هەستاون بەبردنی‌ ئوتومبیلی‌ هاوڵاتییەك‌و لێكردنەوەی‌ تابلۆكەی‌‌و فرۆشتنی‌ بەكەسێك لەدەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كە گوایە ئوتومبیلەكە بێ سەرەتایە، لەئێستادا هەر چوار تۆمەتبار بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر ڕاگیراون".

هەرلە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "چوار تۆمەتباری‌ دیكە دەستگیركراون كە زیاتر لە 40 پشتگیریی‌ شوێنی‌ كاركردنی خۆیان ساختەكردووە بۆئەوەی‌ ببنە كەفیلی‌ ئەو كەسانەی‌ ڕاگیراون (واتە بەندن)و بە(كەفالەت) سپاردە ئازاد دەكرێن، تۆمەتبارەكان بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر ڕاگیراون".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە "دو تۆمەتباری‌ دیكە دەستگیركراون كە لەشۆفێری‌ ئوتومبیلێكیان داوەو برینداریان كردوەو دواتر ئوتومبیلەكەیان بردووە كە لەجۆری‌ (لێكزس)ە، هەروەها بڕێك پارەشیان بردووە كە بە 10 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت‌و لەناو ئوتومبیلەكەدا بووە، لەسەر هەمان دۆسیەو بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر فەرمانی‌ دەستگیركردن بۆ دو تۆمەتباری‌ دیكە دەرچووەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە "تۆمەتبارێكی‌ دیكە دەستگیركراوە كە هەستاوە بەدزیكردن لەماڵێك‌و بردنی‌ 20 مسقاڵ ئاڵتون لەگەڕەكی‌ تانجەرۆ، لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 443 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوە".