سلێمانی؛ هەزاران کەس بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەرشەقام

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ_ سلێمانی

ژیان:

توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بۆ پشتیوانییکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی داگیرکارییەکانی تورکیا ڕژانە سەرشەقام و دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"یان وتەوە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە هەزاران هاوڵاتی لە توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەقامی سالمەوە بەرەو باخی گشتی ڕێپێوانیان دەستپێکرد.

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە، دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بژی بەرخۆدانی یەپەگە، بژی بەرخۆدانی هەسەدە، سەرکەوتن سەرکەوتن بۆ ڕۆژئاوا سەرکەوتن، تێکۆشان تێکۆشان بۆ ڕۆژئاوا تێکۆشان،یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە، تیرۆریست ئەردۆغان"دەوتەوە.

هاوکات و هەر ئەمڕۆ، بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان و دانیشتوانى شارى هەولێر لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگرتوەکان خۆپیشاندانى جەماوەرى بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەران لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەى نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوى خاچى سوریان کرد، رایانگەیاند: پێویستە هەرچى زوە نەتەوەیەکگرتوەکان دەسەڵاتەکانى بەکاربهێنێت بۆ وەستانى لەشکرکێشیەکەى سوپاى تورکیا دژ بە رۆژئاوا.