بەشیر حەداد: سوپای توركیا بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشده‌كاته‌ سه‌ر رۆژئاوا

بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ژیان:

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، سەرباری ئەو هەموو ناڕەزایی و هۆشداریانەی کە ئاراستەی حکومەتی تورکیا کران، بەڵام بەداخەوە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەروەری خاکی سوریای دراوسێی پێشێل کرد.

بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند "سەرباری ئەو هەموو ناڕەزایی و هۆشداریانەی كە ئاراستەی حكومەتی توركیا كران، بەڵام بەداخەوە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەكان، سەروەری خاكی سوریای دراوسێی پێشێل كرد و هێرشی بۆسەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد، كە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی سڤیل ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و چەندین كەسیش كە ژن و منداڵیان تێدایە ببنە قوربانی".

ده‌شڵێت "ئەو لەشکرکێشیە تاک لایەنەی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان، جێگەی نیگەرانییە و داوا دەکەم دەوڵەتی تورکیا هەرچی زووە  ئەو هێرشانەی رابگرێت و، هەوڵ بدەن کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن".

هەرلە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و، شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، هێشتا هەزاران ئاوارە و پەنابەری سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی شوێنەکانی خۆیان و وڵاتی خۆیان دەژین. پێمان وایە ئەو هێرشانە هیچ خزمەتێک بە ئاشتی ناوچەکە ناکات، بگرە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".