كوردێك بەشداری لەشاجوانی یونایتد نەیشنس دەكات

جاسمین ئەردەلان حەمەد

ژیان: هۆزان عیرفان

جاسمین ئەردەلان حەمەد، كچە كوردی دانیشتووی ئوسترالیا بۆیەكەم جار بەناوی كوردستان بەشداری لەشاجوانی یونایتد نەیشنس دەكات.

جاسمین لەدایكبووی ساڵی 1990 شاری حاجی قادری كۆیەیە، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە لەگەڵ خانەوادەكەی گەیشتۆتە ئوستورالیا. جاسمین لەئێستادا بەفەرمی كاری وەرگێڕان دەكات‌و خاوەنی چەندین بڕوانامەیە وەك‌و بەكالۆریۆس لەكاروباری حكومەت‌و بەرێوەبەری گشتی، هەروەها بڕوانامەی ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتیدا هەیە.

جاسمین لەئێستادا وەك تاكە كوردێك بەشداری لەشاجوانی یونایتد نەیشنس دەكات، كەزیاتر لە40 وڵات تێیدا بەشدارەو بۆ ئەمساڵیش پرۆسەكە لەوڵاتی هیندستان بەرێوەدەچێت.

جاسمین لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەوە وتی، شاجوانی یونایتد نەیشنس وەكو هەموو پڕۆسەی شاجوانێكی تر هەرساڵەو لەوڵاتیك بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵ (٢٠١٩) لەوڵاتی هیندستان ئەنجامدەدرێت، زیاتر لە٤٠ وڵات بەشدارە،  بۆ یەكەم جارە وەك كچێكی كورد بەفەرمی بەشداری پڕۆسەكەدا دەكەم.

وتیشی، بەشداریكردنم لەپرۆسەی شاجوان خەونی منداڵیم بووە، نەشم دەویست ئەو دەرفەتەی ئێستا لەدەست خۆم بدەم‌و بتوانم لەشاجوانی نێودەوڵەتی وەكو ئافرەتێكی كورد وەك ئەستێرەیەك لەناو 40 ئافرەتی وڵاتی تر بدرەوشێمەوە، تواناكانی ئافرەتی كورد پیشان بدەم كەئێمەی ئافرەتی كورد لەهەموو بوارێكدا سەركەوتووین، مافمان هەیە وەك هەموو گەلانی جیهان بەشدار بین‌و تواناكانی خۆمان نیشان بدەین.

سەبارەت بەو پرسیارەش كەئایا تاچەندە بڕوای بەوە هەیە ببێتە براوەی پێشبڕكێكە؟ لەوەڵامدا وتی، من هەر لەسەرەتای بەشداریكردنمەوە بەم پرۆسەیە بڕوای تەواوم بەخۆم هەبووە، دەتوانم نازناوی (شاجوانی كوردستان یونایتد نەیشنس) بەدەستبهێنم‌و هەوڵی تەواوەتی خۆمم داوە.

دوای بەدەستهێنانی نازناو دەگەڕێمەوە كوردستان

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كەئایا بۆچی لەرابردوودا بەشداری نەكردووە؟ جاسمین وتی، هەرچەندە بوون بەشاجوانم خەونی منداڵیم بووە، بەڵام بۆم نەڕەخساوە لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت، من پێم وایە هەر كارێك كەئەنجامی بدەین پێویستە بەجوانی بكرێت، شارەزایی تەواومان لێی هەبێت.

لە جاسمینمان پرسی لەكاتێكدا تۆ دایكیت چۆن بەشداری ئەم پرۆسەیە دەكەیت؟ وتی، زۆر ئەم پرسیارەم لێكراوە كەئافرەتێك هاوسەرگیری كردبێت چۆن دەتوانێت بەشداری بكات لەشاجوانی، بەڵام (یونایتد نەیشنس) رێگە بەهەموو كچ‌و ئافرەتێك كەلەهەر شوێنێكی جیهان بن بەشداری بكەن لەپرۆسەكەدا بەمەرجێك بە شێوازێكی جوان نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان بكەن، كاری خێرخوازیان ئەنجامدابێت.

جاسمین پڕۆژە‌و كارە خێرخوازییەكانی خۆی بۆ ژیان ئاشكراكرد‌و وتی، یارمەتی ئەو پەنابەرانە دەدەم كەدێنە ئوسترالیا لەرێگەی وەرگێڕانەوە، هەروەها بردنیان بۆ نەخۆشخانەو رێنمایی كردنیان‌و زۆر شتی تریش، هەروەها یارمەتی ئەو كەسانە دەدەم كەنەخۆشی دەرونیان هەیە.

وتیشی، دوای بەدەستهێنانی نازناوی شاجوان، كارو پرۆژەكانم گشتی دەبن‌و دەمەوێت ببم بەهیوایەك بۆ زۆربەی ئافرەتان لەهەموو جیهان بەتایبەت كوردستان، من دەشمەوێت ئەوە بسەلمێنم كەئافرەت دەتوانێت وەك پیاو هەموو شتێك بكات، بەڵام بەگوێرەی توانای خۆی وە دابونەریتی ئەو كۆمەڵگایەی لێی ئەژی.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا شاجوان لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ وتی، شاجوان واتا كاری خێرخوازی، باوەڕبەخۆبوون، زیرەكی‌و توانای قسەكردن، ئاستی رۆشنبیری، لەبەرئەوە مەرج نیە شاجوان تەنها لەش‌و لارێكی جوانی هەبێت، گرنگ ئەوەیە بتوانێت بەشێوەیەكی جوان نوێنەری وڵاتەكەی بكات، تاجەكەی بەكاربهێنێت بۆ كاری خێرخوازی، دوای ئەوەش كە نازناوەكەم بردەوە دەگەڕێمەوە وڵاتی باوك‌و باپیرانم‌و خزمەتی میللەتی خۆم دەكەم.