دەنكۆڵەی ئەسپرین كێ‌ بەكاری بهێنێ‌‌و بۆ كێ‌ زیانبەخشە

حەبی ئەسپرین

ژیان: شەیما

ئەسپرین جۆرە حەب (دەنكۆڵە) ێكی ئازارشكێنە، كەبۆچەندین چارەسەری پزیشكی بەكاردەهێنرێت وەك هەڵئاوسان‌و روون بوونەوەی خەستی خوێن‌و ئازاری جەستە‌و هەوكردن‌و چەندین بواری تریش، لەدیدارێكدا لەگەڵ ژیان دیار علی حسن، پزیشكی دەرمانساز باس لەسودو زیانەكانی ئەو جۆرە دەرمانە دەكات.

ژیان: بەشێوەیەكی گشتی سود‌و زیانەكانی حەبی ئەسپرین چییە؟

دیار علی: حەبی ئەسپرین چارەسەری ئازارو هەوكردن‌و خوێن روونكردنەوە دەكات لەهەریەكە لەنەخۆشیەكانی زەخت‌و ئافرەتی دووگیان بەكاردێت،هەروەها  زیانی بەكارهێنانی ئەم دەرمانە ئەگەری تووش بوون بەقورحەی مەعیدە‌و نەخۆشی گورچیلەوخوێن بەربوون زیاد دەكات. 

ژیان: چۆن ئەسپرین لەنەخۆشی دڵ دەمان پارێزێ‌ ؟ بڕی چەند ئەسپرین مان پێویستە بۆ پاراستنی دڵ؟

دیار علی: ئەسپرین رٍێگری دەكات لەمەیاندنی خوێن لەمولوولەكانی خوێن دا، ئەمەش هۆكار دەبێ‌ بو َڕیكخستنی خوێن لەدڵەوە بۆ بەشەكانی تری لەش، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بڕی (75- 100 ) ملگم بەكاربهێنرێت.

ژیان: كاتی َ كەسێك تووشی نۆرە دڵ دەبێ‌ ئایا دەتوانێ‌ حەبی ئەسپرین وەربگرێ‌؟

دیار علی: نەخێر ڕاستەوخۆ ناتوانێ‌، پێویستی بەپشكنین‌و هەندێ‌ كات ئیكۆ دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەری.

باشتروایە ئەو نەخۆشانەی حەبی ئەسپرین بەكاردێنن كەمترین كات دەرمانی ئازارشكێن بەكار بهێنن، چونكە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون

ژیان: ئەوكەسانەی نەخۆشی دڵ یان هەیە دەتوانن حەبی ئەسپرین وەربگرن؟

دیار علی: بەڵێ‌ دەتوانن، چونكە یەكێكە لەدەرمانە سەرەكیەكان بۆ ئەو مەبەستە، لەژێر چاودێری پزیشكی شارەزا تایبەت بەجۆری نەخۆشی ئەو كەسە.

ژیان: كەسانی تووش بوو بەنەخۆشی ڕەق بوون‌و گیرانی خوێنبەرەكانی قاچ دەتوانن حەبی ئەسپرین بەكاربهێنن؟

دیار علی: بەڵێ‌ دەتوانن، ئەسپرین یەكێكە لەو دەرمانانەی بۆ ئەو نەخۆشیە بەكاردەهێنرێت، بەڵام بۆ هەموو حاڵەتێكیش نا.

ژیان: كەسێك حەبی ئەسپرین بەكاربهێنێت،  كاتێ‌ پێویستی بەحەبی ئازار هەبوو دەتوانێ‌ وەریبگرێ‌؟ چ جۆرێك لەدەرمانی ئازارشكێن؟

دیار علی: لەكاتی بەكارهێنانی هەریەكێك لەدەرمانە ئازارشكێنەكان ئەگەری تووش بوون بەخوێنبەربوون زیاد دەكات، لەبەرئەوە باشتروایە ئەو نەخۆشانەی حەبی ئەسپرین بەكاردێنن كەمترین كات دەرمانی ئازارشكێن بەكار بهێنن.

ژیان: لەڕۆژیكدا ئەم حەبە چەند جار  دەتوانرێت بخورێت وچ كاتێك باشترینە؟

دیار علی: لەڕۆژێكدا یەك جار دەتوانرێت بەكاربهێنرێت،ئەسپرین یەكێكە لەو دەرمانانەی لەهەركاتێكدا بەكاربێت هەمان كاریگەری هەیە.

ژیان: كەسێك حەبی ئەسپرین بەكار بهێنێت‌و پێویستی بەنەشتەرگەری بوو دەبێ‌ حەبەكە بوەستێنێ‌ یان نا بۆچی؟

دیار علی: بەپێ‌ ی جۆری نەشتەرگەری یەكە دەگۆڕێ‌، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆماوەیەكی دیاریكراو دەبێ‌ بوەستێنرێ‌، بۆ ئەوەی ئەگەری خوێن بەربوون لەكاتی نەشتەرگەری یەكە كەم بكاتەوە.

ژیان: ئەوكەسانەی تەمەنیان لەسەرو چل ساڵیەوە بێ‌‌و هیچ نەخۆشییەكی دڵیان نەبێ‌ ئاساییە حەبی ئەسپرین وەربگرن؟

دیار علی: لەهەرتەمەنێكدا بێت ئەگەر كەسێك هیچ نەخۆشییەكی دڵی نەبوو پێویست ناكات حەبی ئەسپرین بخوات، بەڵام لەگەڵ  هەڵكشانی تەمەن دا ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكات، بۆیە باشتر لەئەسپرین وەرگرتنی حەبی رۆن ماسی‌و حەبی سیرە لەئەگەری تووش بوون بەنەخۆشیەكانی دڵ، ئەم دوو جۆرە حەبە هیچ كاریگەری لاوەكی یان نییە.