هونەرمەندێکی کورد کۆنسێرتەکەی لە تورکیا ڕاگرت

کۆنسێرت

ژیان:

هونەرمەند و ئاوازدانەری کرماشانی کەیهان کەلهوڕ ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا کە کۆنسێرتەکەی لە تورکیا کانسڵ بکاتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەمیانەی ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی لە لەندەن ڕایگەیاند، دژی هێرشەکانی حکومەتی تورکیایە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و بڕیاریداوە کۆنسێرتەکەی تورکیای ئەنجامنەدات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دەستخۆشییەکی زۆری لێبکرێت لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی.

ناوبراو شەوی ڕابردوو لە کۆنسێرتێکیدا لە لەندەن، کۆپلەیەکی گۆرانی بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی ڕۆژئاوا وت و ڕایگەیاند، "ئەم ڕۆژانەی کۆتایی، ڕۆژگەلێکی سەختە بۆ ئێمە کورد، زوڵم و ستەمێک کە دژی ئێمە دەکرێت لە رۆژئاوای کوردستان، ئەنجامێکی باشی نیە و ئاوارەکانمان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، ئێمەش ئەوە دەزانین کە سیاسەتمەداران لەم شتانە تێناگەن".

وتشی، بڕیار بوو کە لە ئیستەنبووڵ کۆنسێرتێک ئەنجام بدەم، بەڵام بڕیارم دا کە ئەنجامی نەدەم وەک ڕێزێک بۆ برا کوردەکانم ، پارچەیەک گۆرانی پێشکەش دەکەم بە منداڵانی کورد، ئەو منداڵانەی ئێستا لە جەنگن، هیوادارم ڕۆژێک لە دونیایەکا بژین کە هیج خەبەرێک لە جەنگ نەبیستین  و دڵنیابین کە هەموو بە ئارامی دەنوون، من ناتوانم قسە بکەم  وهیچیشم نیە بۆ وتن..."