ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و مەزڵوم کۆبانی چیە؟

مەزڵوم کۆبانێ

ژیان:

جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا تەواو نیگەرانە لەو ڕەوشەی کە ئێستا لە رۆژئاوای کوردستاندا دەگوزەرێت.

مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ترەمپ نیگەرانە لەبارەی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدی ترەمپەوە ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکارییە و کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە.

دەشڵێت، سەرۆک ترەمپ لەگەڵ فەرماندەی کورد و هەسەدە، مەزڵوم کۆبانێ، قسەی کردووە، مەزڵوم کۆبانێ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە، تورکیا تاکو ئێستا نەیتوانیووە لەو30 کیلۆمەترەی ناوچەی ئارام کە دانرابوو تێپەڕ بکەن.

مەزڵوم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا نیگەرانی خۆیانی گەیاندووەتە ترەمپ لەبارەی شاری کۆبانی و داوای لە ترەمپ کردووە تایبەت بەو پرسە پەیوەندی بە سەرۆکی تورکیاوە بکات.

دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کۆبانێ و ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە ئەردۆغان کردووە و بە فەرمی داوای وەستاندنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لێکردووە، و هاوکات ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەی داوە بە ترەمپ کە هێرش ناکاتە سەر کۆبانێ.

واچاوەڕوان دەکرێت شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی مایک پێنس، سەردانی تورکیا و ناوچەکە بکەن تاکو چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستا بدۆزنەوە.