كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكی هەرێم كۆتاییهات

لە کۆبوونەوەکەدا چەند داواکاریەک خراوەتەروو
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

ژیان:

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێكرد و دوایین پێشهاتی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان تاووتوێكران.

دڵشاد شەهاب ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا لە تەوەری یەکەمدا لەبارەی چۆنیەتیی یەکخستنی توانا ناوخۆییەکانی خۆمان باس کران، بۆ ئەوەی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ڕاوێژ لەگەڵ یەکتری بکەین و یەک هەڵوێستی بنوێنین".

وتیشی "لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، باس لەوە کرا کە تواناکانی هەرێم یەک بخرێت و هەوڵ بدرێت بۆ هەموو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هاوپەیمانییەکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێک بهێندرێت و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت".

لەبارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی ڕەوشی ئاڵۆزی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانە کرا و هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم وەکوو قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و نیشتمانی ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی سەرجەم بیروبۆچوونەکان و کۆبوونەوە داوای کرد کە هەموو تواناکانی هەرێم بخرێنە گەڕ تاکوو هەرچی زووە شەڕ لەو ناوچەیە کۆتایی پێ بێت، چونکە دەرەنجامەکانی شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و داوای جارەسەری ئاشتیانە و ڕێگەی گفتوگۆ و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان کرا کە لەژێر هەڕەشەی شەڕ دان.