ئاسایشی سۆران دەستی گرت بەسەر نزیكەی 5 كیلۆ ماددەی ھۆشبەردا

تۆمەتبارەکان

ژیان:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له‌ ئاسایشی سۆران توانیوویانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر پێنج كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ردا بگرن و سێ تۆمه‌تباریشیان ده‌ستگیركردووه‌.

لە راگەیاندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان بڵاوی كردووەتەوە، لە رێكەوتی 15ی ئەم مانگە، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە بازگەی زینی وەرتێ، توانیویەتی دەست بەسەر نزیكه‌ی 5 كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ردا بگرێت و 3 كه‌سیش به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌ ده‌ستگیر بكات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، له‌و ماددانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، یەك كیلۆ و 997 گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری كریستاڵ، یەك كیلۆ و نیو ماددەی ھۆشبەر لە جۆری ھێرۆین، 475 گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆرەی حەشیش بووه‌، لەگەڵ دوو تۆمەتباری خەڵكی دھۆك.

ئاشكراشی ده‌كات، لە چالاكییەكی دیكەدا 16ی ئەم مانگە، بنكەی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكانی سۆران لەو شارە ھاووڵاتییەكی ئێرانی دەستگیر كردووە، كە بڕی یەك كیلۆ گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری ھێرۆینی پێبووە و سەرجەم تۆمەتبارەکانیش دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.