سەرۆكایەتی هەرێم لەسەر بەردبارانكردنی هێزە ئەمریكیەكە هاتە دەنگ


ژیان: 
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چالاكی گەنجەكانی خەبات هاتە دەنگ و دەڵێت  نابێت ڕۆڵ و خەباتی سوپای ئەمەریكا، تێكەڵ بە بڕیاری نەخوازراوی سیاسی بكرێت. 

سەرۆكایەتی هەرێم لە دژی چالاكی 13 گەنجی قەزای خەبات لەبەرامبەر هێزێكی ئەمریكی كە لە رۆژئاوای كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان كشانەوە، راگەیەندراوێكی بلاو كردەوە و تیایدا دەڵێت "ھەرێمی كوردستان ڕێز و پێزانینی بۆ ھێزی ھاوپەیمانان و سوپای ئەمەریكا دووبارە دەكاتەوە و خەبات و قوربانیدانیان بەرز ڕادەگرێت".

لە راگەیەندراوەكەدا بەبێ ئەوەی ناوی ئەو چالاكیەی گەنجەكانی خەبات بهێنێت كە هێزە ئەمریكیەكەیان بەردباران كرد باسی لە هاوكاریەكانی ئەمریكا كردووە بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991وە تا ئێستا و دەشڵێت "نابێت ڕۆڵ و خەباتی ھاوپەیمانان، بەتایبەتی سوپای ئەمەریكا، تێكەڵ بە بڕیاری نەخوازراوی سیاسی بكرێت".