دوای زیاتر لە 23 ساڵ دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیەک دەستگیرکران


ژیان:
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی هاوڵاتییەك لە ساڵی 1996، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان بڵاویکردوەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی 20-7-1996 ، هاوڵاتی (ع ، م ،ق )لەدایكبووی 1969 ، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەشەقامی سالم لە شاری سلێمانی لە لایەن چەند كەسێكەوە بە بەبەرد و چەقۆ لێیدەدرێت و دەكوژرێت و تۆمەتباران هەڵدێن بەرەو دەرەوەی وڵات.

دەشڵێت" دوای ئەوەی دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەكاتەوەو بڕیاردەدات بەدەستگیركردنیان بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی، لە ڕۆژی 14-10-2019 هێزەكانی پۆلیس زانیارییان پێگەیشت لەبارەی هەردوو تۆمەتبار كە گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای بەدواداچوون هێزەكانی پۆلیس گەڕان و بەدواداچوونەكانی دەستپێكردوو توانرا تۆمەتباران (د،ع ، ع) لەدایكبوی 1976 و ( أ ، ر ، ع) لەدایكبووی 1979  لەشاری سلێمانی دەستگیربكرێن، لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر هەردوو تۆمەتبار ڕاگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.