ئەحمەد شاملوو شاعیرە سپییەکەی ئێران

شاملوو

ژیان:  تەرزە عەباسی

ئەحمەد شاملوو، شاعیر، فیلمساز، رۆژنامەنووس، وەرگێڕ، فەرهەنگنووس و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کانوونی نووسەرانی ئێران، یەکێک لەو کەسایەتییانەی دوای چەندین ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مەرگی، هێشتا هۆنراوە و بەرهەمەکانی زیندووترینن لەناو خەڵکیدا لەناو ئێران و سەرتاسەری جیهان.

لەدایکبوون و ساڵانی نەوجەوانی شاملوو

ئەحمەد شاملوو لە ١٢ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٢٥ لە خانووی ژمارە ١٣٤ی شەقامی سەفی عەلیشای تاران لەدایکبووە، باوکی ناوی حەیدەرە و بە قسەی شاملوو لە هۆنراوەی "من لەگەڵ قەڵەمەکەم سەرەنجام"...دایکیشی ناوی کەوکەب عەراقییە، لە ئاوارەکانی قەفقاز بوون کەلەماوەی شۆڕشی بۆلشەویکەکانی ١٩١٧ی ڕووسیا، بەرەو ئێران ڕایانکردووە.

دەورانی منداڵی بەهۆی کاری باوکییەوە کە ئەفسەری سوپای ڕەزا شا بوو هەر ماوەی جارێک لە چالاکییە جیاوازەکان بوە، لەشارەکانی وەک ڕەشت و ئیسفەهان و ئابادە و شیراز بەسەر بردووە. (ئایدە دەڵێت؛ چونکە ماوەیەکی کورد دوای لەدایکبوونی، بنەماڵەکەی بەرەو ڕەشت کۆچیان کردووە و دووبارە گەڕاونەتەوە تاران، شاملوو شوێنی لەدایکبوونی بە ڕەشت تۆمار کراوە).

قۆناغی سەرەتایی لە شارەکانی خاش، زاهیدان و مەشهەد و بیرجەند تێپەڕکردووە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەستی کردووە کە دەرس خوێندن لە زمانەوانی و توانیوێتی لە ماوەیەکی کەمدا فێری زمانی ئەڵمانی ببێت.

سەردەمی سیاسیی و زیندانی شاملوو

لەسەرەتاکانی سەدەی ٢٠ی هەتاویی، بەهۆی کاروباری باوکییەوە گوازرانەوە بۆ گورگان و لە دەستپێکی جەنگی جیهانی دووەم بەهۆی دزەکردنی چەندین جاسووس بۆ ناو خاکی ئێران، بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکان کردووە دژی جاسووس و سیخوڕەکان، دواتر بە تۆمەتی (سیخوڕیکردن بۆ حیزبی نازیەکان لە ئێران) دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شۆرەوەی لە ڕەشت. دوای ئازادبوونی جارێکی دیکە لە ئازەربایجان هەر بە هۆکاری سیاسی دەستگیرکرایەوە، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ باوکی، دوای ئازادبوونی گەڕایەوە تاران و بۆ هەمیشە وازی لە خوێندن هێنا و خۆی بە کتێب فرۆشییەوە سەرقاڵ کرد.

لەگەڵ دەستپێکردنی بە کاری کتێبفرۆشی وردە وردە دەستی دایە نووسین و خوێندنەوەی کتیب و داستانە جیهانییەکان و لەدوای کودەتای ١٣٣٢ی هەتاوی هەڵدەکوتنە سەر کتێبخانەکەی و دەستگیری دەکەن وەک زیندانی سیاسی، دوای یەک ساڵ زیندانیکردن ئازاد دەکرێت و دوای چەندین ساڵ یەکەم کتێبی خۆی بەناوی "پیاوێک کە دڵی لە بەرد بوو" بڵاودەکاتەوە.

ژیانی تایبەتی شاملوو
شاملوو لەسالی ١٣٢٦ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٢ساڵیدا لەگەڵ ئەشرەف مەلوک ئیسلامیە هاوسەرگیری دەکات و چوار منداڵەکەی سەمەری خۆشەویستی ئەو دوانە دەبێت بە ناوەکانی، سیاوەش، سیروس، سامان و ساقی. بەڵام هاوسەرگیریەکە بە جیابوونەوە کۆتایی دێت و لەدوای دەساڵ شاملوو دووەم هاوسەرگیری خۆی لەگەڵ توسی حائیری ئەنجام دەدات و دوای چوار ساڵیش دیسان لە هاوسەری دووەمی جیا دەبێتەوە، بەڵام سێیەمین هاوسەری شاملوو کە زۆرینەی هەرە زۆری هۆنراوەکانی بۆ ئەو نووسیوە "ئایدا" دەبێت و تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.

شاملوو، لە دەستپێکی شاعری خۆیدا گەلێک لە ژێر کاریگەری نیما یووشیجدا بوو. شاملوو زۆرتر لە حەفتا کتێبی لە چاپ داوە؛ ئەو کورتە چیرۆک، ڕۆمان، شانۆنامە، وتار و شێعری دەنووسی. شاملوو لە ٢٤ی جوڵای ٢٠٠٠ لە تاران بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد و لە کەرەج بە خاک سپێردرا.
ئەوشاعیرە ناودارە، جیا لەوەی کە لە شێوە شێعری فارسی ناسراو بە شێعری “سپی” داهێنەر بووە، بە هۆی هەڵوێستەکانی بەرانبەر بە سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بە قەڵەمبەدەستێکی دەروەست و گەلدۆست ناسراوە.

ئاشقانه‌

وچانێکى کورته‌ دنیا

له‌مه‌وداى گوناھ و دۆزه‌خدا.

خۆره‌تاو که‌ هه‌ڵدێ

ده‌ستێکه‌ چه‌مۆڵه‌ت لێ ده‌نێ

ڕۆژیش په‌ڵه‌ى شه‌رمه‌زارى و شووره‌ییه‌ تاهه‌تایه‌.

ئاخ!

پێش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ فرمێسکا نوقم ببم

شتێک بڵێ.

داره‌کان

جه‌هلى باپیرانى ئێمه‌ن به‌رى تاوانیان گرتووه‌،

شنه‌ى نه‌سیم

وه‌سوه‌سه‌یه،‌ که‌ دڵپیسى ده‌بزوێنێ،

تریفه‌ى مانگى پاییزیش

کفرێکه‌ که‌ جیهان داده‌گرێ.

شتێک بڵێ

پێش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ فرمێسکا نوقم ببم

شتێک بڵێ.

هه‌موو ڕۆژێک

ده‌ربیجه‌یه‌ به‌ ڕووى تۆڵه‌ و سزاداندا ده‌کرێته‌وه‌

عیشق

زه‌رداوى هێڵنجی ناپاکییه‌و

ئاسمان سه‌رپه‌نایه‌که‌

هه‌تا له‌ سه‌ر خاک دانیشی و

بۆ چاره‌نووسى خۆت بگرى.

ئاخ!

پێش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ فرمێسکا نوقم ببم شتێک بڵێ

هه‌رچییه‌ک بێ!

کانییه‌کان له‌ تابووت هه‌ڵده‌قوڵێن

تازیه‌ دارانى ره‌شپۆشیش ئابڕووى هه‌موو ئه‌م جیهانه‌ن

ڕوو سووریی خۆت به‌ ڕووى ئاوێنه‌دا مه‌ده‌

که‌ گوناهبار، موحتاجترن

بێده‌نگ مه‌به‌ له‌ ڕێى خوا

پێش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ فرمێسکا نوقم ببم

له‌ باسى عیشق

شتێک بڵێ!