قەیس خەزعەلی بۆ ژیان: ناكرێت هەرێم بەردەوام بێت لەفرۆشتنی 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە

دەتوانین بەشەوو رۆژێكدا هێزەكانی ئەمریكا دەربپەڕێنین
قەیس خەزعەلی، سەرۆكی رێكخراوی عەسائیبی ئەهلی حەق

ژیان: زانا حەمە غەریب
قەیس خەزعەلی، سەرۆكی رێكخراوی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەم دیدارە تایبەتەی ژیان، باس لەململانێكانی ئەمریكا لەناوچەكەو كشانەوەی هێزەكانیان لەعێراق‌و سوریاو كێشەكانی هەرێم‌و بەغدادو خۆپیشاندانەكانی عێراق‌و شكستەكانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی‌و گۆرینی سیستەمی حوكم لەعێراق‌و چەند پرسێكی تری تایبەت دەكات.

ژیان: لەئەگەری هێنانەوەی هێزی ئەمریكاو مانەوەیان لەعێراق بۆچونتان چی دەبێت، ئایا ئێستا عێراق پێویستی بەمانەوەی هێزی ئەمریكا نیە لەكاتێكدا لەئێستادا بارودۆخی مەترسیدارە؟

قەیس خەزعەلی: ئێمە هەمیشە دژی هاتن‌و مانەوەی هێزی ئەمریكاین لەعێراق، چونكە هەبوونی ھێزی ئەمریكا لەعێراق‌و سووریا بۆ پاراستنی ئیسرائیل‌و بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیلە، عێراق پێویستی بەو جۆرە هێزانە نیە بۆ ئەوەی بیپارێزێت، عێراق پەرلەمانی هەیە‌و پەرلەمان دەتوانێت‌ بڕیار لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەربكات، ئەگەر هۆكاری بوونی ئەو هێزانە تێكشكاندنی داعش بوبێت، داعش بوونی نەماوە لەعێراقداو پێویست نییە پێنج هەزار سەربازی ئەمریكا لەعێراقدا هەبن. ئەگەریش ئەمریكا بیەوێت بەهێز هەژموونی خۆی بسەپێنێت‌و دەستور‌و پەرلەمانی عێراق پێشێل بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە بەهەمان شێواز‌و بەهێز دەردەكرێت، چونكە عێراق سوپاو پۆلیس‌و دەزگای دژە تیرۆرو هێزی حەشدی شەعبی هەیە، دەتوانێت‌ لەماوەی شەوو رۆژێكدا بەزەبری هێزو رووبەڕووبونەوەیان هێزەكانی ئەمریكا دەربكات.

ژیان: بەڵام هەر ئەم هێزانە نەیانتوانی بەماوەی چەند مانگێكیش داعش لەعێراق دەربكەن؟

 قەیس خەزعەلی: ئەوەیان بابەتێكی تر بوو، چونكە هەم داعش لەرێگەی كردەی خۆكوژی‌و كوشتنی هاوڵاتیانی سڤیلەوە فشاری دروست دەكرد، هەتاوەكو زیاتر بمێنێتەوەو هێزە عێراقیەكانیش كەمترین فشاریان لەسەر دروست بكەن، لەلایەكی تریشەوە هێزە عێراقیەكانیش نەیاندەویست بەهۆی بوونی چەكدارانی داعش‌و بوردومان‌و پەلاماری ئەوان خەڵكی سڤیل لەناو بچن، بەڵام بۆ هێزەكانی ئەمریكا تەواو جیاوازی هەیە، چونكە لەگەڵ هێزە عێراقیەكانیش هاوڵاتیان پشتیوان دەبن‌و دژی مانەوەی ئەمریكای داگیركەرن لەعێراق.

پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێك لەدژی ئەمریكا بوەستێتەوە

ژیان: دەوترێت هۆكاری دژایەتی ئێوە بۆ ئەمریكا بەهۆی نزیكایەتیتانە لەئێران‌و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە نەوەك پەیوەندی بەوە هەبێت كەئەمریكا عێراقی داگیردەكات ؟

  بابەتەكە پەیوەندی بەنزیكایەتی یان دۆستایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران نیە، بابەتەكە پەیوەندی بەدینداری‌و بەعێراقی بونەوە هەیە، پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێك لەدژی ئەمریكا بوەستێتەوە، چونكە ئەوە ئەركێكی ئاینینە ئەمە جگە لەوەی ئەمریكا دەیەوێت عێراق داگیربكات‌و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی‌و عێراقیەكانیش هەمیشە داگیركاری‌و كۆیلایەتیان رەتكردۆتەوە، دژی هەموو ئەو هێزانە جەنگاون كەبەفشار ویستویانە داگیری بكەن، وەئێمە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی وولاتەكەمان دەجەنگین‌و ئێرانیش دراوسێیەكی لەمێژینەو ووڵاتێكی موسوڵمانەو پەیوەندیی دۆستایەتی لەنێوان هەردو وڵات هەیە.

ژیان: بەڵام ئەمریكاش دەڵێت ئێوە بەفەرمانی ئێران لەدژی ئەمریكا دەوەستنەوە، تەنانەت لەماوەكانی رابردو ماڵپەری دیبكای ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێكدا رایگەیاند كەئێران موشەكی دوور مەودای داوەتە خودی قەیس خەزعەلی؟

قەیس خەزعەلی: كاتێك ئێمە هەموو هەوڵەكانمان بۆ شكستپێهێنانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل بێت لەعێراق، بەدڵنیایی ئەوان بەگوڵ پێشوازی لەئێمە ناكەن‌و هەموو هەوڵێك دەخەنە كار بۆ ناشیرینكردن‌و دژایەتی كردنی ئێمە، ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران موشەك‌و هاوكاری سەربازی بدات ئەوە دەیدات بەحكومەتی عێراقی بەشێوەیەكی فەرمی نەوەك بەتاكە كەس‌و حیزب، ئەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەگەر مرۆڤ فەرمانیش لەووڵاتێكەوە وەربگرێت ئەوە باشترە لەووڵاتێكی موسوڵمانەوە وەریبگریت نەوەك لەووڵاتیكی بێدینی وەك ئەمریكاو ئیسرائیل.

ژیان: بۆچی ئەمریكا هەمیشە ئێوەو بەشیك لەسیاسیەكانی تری ناو عێراق بەپشتیوانی كردن لەئێران‌و بەرژەوەندییەكانی تۆمەتبار دەكات؟

قەیس خەزعەلی: ئەمریكا دەیەوێت بەهەر بیانویەك بێت ئێران رابكێشێت بۆ ناو شەرێكی نەخوازراو، لەرێگەی ئەو شەرەشەوە دەیەوێت زیانی گەورە بەعێراق بگەیەنێت، چونكە ئەمریكا زیانێكی گەورەی كرد لەشەری داگیركردنی عێراق‌و بەتەواوەتی دۆڕا، ئێستاش لەرێگەی دەستێوەردان لەكایەی سیاسی عێراق‌و تۆمەتباركردنی ئێمەو بەشێك لەهێزە چەكدارییە ناوخۆییەكانی عێراق‌و بەتایبەتیش حەشدی شەعبی دەیەوێت ئەم ئامانجەی بهێنێتەدی، واتە ئەمریكا بەدوای هەڵگیرساندنی جەنگێكەوەیەو لەدژی ئێران‌و ئەو جەنگەش لەبەرژەوەندی ئێران‌و ئەمەریكا نییە، تەنیا لەبەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێت لەلایەك‌و لەلایەكی تریشەوە ئامانج لێی زیانگەیاندنە بەبەرژەوەندییەكانی عێراق لەسەر ئاستی سیاسی‌و ئابووری‌و ئەمنی، وەعێراق ناتوانێت بەرگەی ئەو جەنگە بگرێت، رەنگە بێتە كۆتایی عێراق.

ژیان: بەبروای هەندێك ئەمریكا بۆ ئەم ناوچەیە پێویستە بەتایبەت دەبینین لەدوای بریاری كشانەوەی لەسوریا، توركیا هێرشی گەورەی بۆسەر ناوچە كوردییەكان دەسپێكرد؟

قەیس خەزعەلی: ئەو بڕیارەی ترامپ بەدڵنیایی هۆكاری تری لەپشتەوەیە، ترامپ كەسێكی بازرگانەو بۆی ئاساییە بازرگانی بەخوێنی مرۆڤیشەوە بكات، ئەمریكا داعشی هێنایە ناوچەكە بۆ ئەوەی هەموان داوای بەهاناوەچونی لێبكەن، وەدواتر ووتی داعشمان لەسوریا تێكشكاندوەو كۆتاییان پێهاتووە ئەوەش تاكە هۆكاری مانەوەیان ئێمە بووە لەسوریاو دەكشێینەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم بریارە شتێكی تری هەیەو ترەمپ دەیەوێت توركیا رابكێشێتە ناو جەنگێكی گەورەو دواتر هێزی ئەمریكاش بباتە ناو توركیاوەو كۆنترۆڵی ئەوێش بكات، واتە ئەمریكا دەیەوێت كۆنترۆڵی ووڵاتانی ئیسلامی بكات‌و هەموان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوەو سەروەت‌و سامانی ئەوان بۆخۆی ببات‌و لێدوانەكانی ئەمدواییەی ترەمپ پەردەی لەسەر راستی پڕۆژەی ئەمریكی لەعێراق‌و ناوچەكە هەڵماڵی كەوڵاتانی دراوسێ دەكاتە ئامانج، لەكاتێكدا هەندێك دەیانگوت بوونی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی عێراق‌و ناوچەكەیە. 

ترامپ كەسێكی بازرگانەو بۆی ئاساییە بازرگانی بەخوێنی مرۆڤیشەوە بكات

ژیان: كەواتە مەترسی ئەوە نابێت لەئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق توركیا پەلاماری عێراق بدات بەبیانوی هەبونی پەكەكە؟

قەیس خەزعەلی: عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیەو خاوەنی پەرلەمان‌و دەستورو یاسای خۆیەتی، هەركەس جورئەتی ئەوەی كرد پەلاماری عێراق بدات ئەوا وانەیەكی پێدەدەین هەرگیز لەبیری نەكات وەك ئەوەی بەداعشماندا، رەنگە ئەوەی سوریا جیاواتر بێت لەعێراق بەتایبەت كەدەبینین بابەتەكە زیاتر پەیوەندی بەبابەتی سیاسی‌و بازرگانی فرۆشتنی چەكەوە هەیە لەنێوان توركیاو روسیاو ئەمریكا، بەڵام عێراق هەرگیز رێگە بەهیچ پەلامارو هێرشێكی وڵاتانی دراوسێ‌‌و ناوچەكە نادات بۆ سەری.

ژیان: بابگەرێینەوە سەر بارودۆخی ناوخۆیی، بۆچی لەدوای دروست بوونی كابینەكەی عەبدولمەهدی ئەو هەمو كێشانە هاتونەتە ئاراوە بەتایبەت خۆپیشاندان‌و نارەزایەتی بۆ لادانی عەبدولمەهدی؟

قەیس خەزعەلی: من لەسەرو بەندی پێكهێنانی حكومەت ووتم راگەیاندنی كابینەی حكومەت بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی‌و بەتەواونەكراوی ، ئاماژەیە بۆ هێشتنەوەی عێراق لەو دۆخەی قەیراناوییەی كەتیایدایەو ناتوانێت عێراق رزگاربكات‌و هیچ بگۆرێت، ئەگەرچی عێراقیەكان هیوایان بەپێكهێنانی حكومەتەكە هەبوو، بەڵام حكومەت ئەوانی بێ هیوا كردوئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە خۆپیشاندان‌و نارەزایەتی لەدژی حكومەت دەرببڕن، وەپێویستە لەعێراق سیستەم بگۆردرێت نەوەك دەم‌و چاوەكان، چونكە ئەم حكومەتەش درێژەپێدەری كابینەكانی پێش خۆیەتی‌و رەنگە بتوانێت درێژە پێدەری كارەكانی ئەوان بێت بەو هەموو گەندەڵیەی كەهەیە بەڵام هەرگیز ناتوانێت خزمەت پێشكەش بكات. وەئەوەی دەتوانێت كایەكە بگۆرێت سیستەمی حوكمرانیە لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی چونكە سیستمی پەرلەمانی چارەسەری سەرەكی پشكپشكێنە‌و دۆخی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران ناكات لەوڵاتدا. بەڵام گۆڕینی سیستمی حكومڕانی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی هۆكار دەبێت بۆ رزگاربوونی وڵات لەگەندەڵی.

ژیان: كەواتە ئێوە لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندان؟

قەیس خەزعەلی: من پشتگیری لەهەموو خۆپیشاندان‌و چالاكیەكی مەدەنیانەو دور لەتوندوتیژی دەكەم، وەداواكاری خۆپیشاندەران داواكاری منیشە، هەموان لەخەمی عێراقداین بۆیە داواكاریی چاكسازیمان هەیە، خوای گەورە دەستی خۆپیشاندەران بگرێت‌و لەسەر دەستی ئەوان خێرچاكە هەموو عێراق بگرێتەوە، خوای گەورە پشت‌و پەنایان بێت‌و ئەوان سەربخات، داواكارم بەردەوام بن بەڵام بەبێ‌ توندوتیژی‌و بەبێ‌ دەستێوەردانی سیاسی‌و مانەوەی داخوازیەكان لەچوارچێوەی دابینكردنی چاكسازی‌و خزمەتگوزارییەكان هەورەها پارێزگاری كردن لەرەوتی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان بكرێت.

هەركەس جورئەتی ئەوەی كرد پەلاماری عێراق بدات ئەوا وانەیەكی پێدەدەین هەرگیز لەبیری نەكات

ژیان: بۆچی پشتیوانی لەداواكارییەكانی كوردیش ناكەن، بۆچی زۆر جار بەوە ناسراون كەدژی گەلی كوردو داواكارییەكانیانن ؟

قەیس خەزعەلی: ئەوە دورە لەراستیەوە، من كورد وەك براو خوشكی خۆم دەبینم، خۆشی ئەوان خۆشی منەو ئازارەكانیشیان بەهەمان شێوە ئازاری منن، وەپشتیوانی داواكارییە رەواكانیان دەكەم، چۆن دەبێت ئێمە لەسەر خاكیك بژین‌و برا نەبین یان دژایەتی یەكتر بكەین، راستە رەنگە من لەدژی هەندێك كاری سیاسی برا كوردەكان بوبوم بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كەمن دوژمنی ئەوان بم، بەپێچەوانەوە من گەلی كوردم زۆر خۆش دەوێت‌و رێزی زۆرم هەیە بۆ خەبات‌و قوربانیدانیان، ئەوان رۆڵێكی گەورەیان هەبوو لەگەڵمان لەتێكشاندنی تیرۆریستانی داعش. وەدەبێت هەمومان هەوڵ بدەین بۆ ئاوەدانكردنەوەو بەرەو پێشبردنی عێراقێكی بەهێز.

ژیان: ئەو خاڵانەی كەلەدژی بوویت چی بوون؟

قەیس خەزعەلی: بابەتی ریفراندۆم‌و هەوڵدان بۆ دابەشكردنی عێراق لەلایەن بارزانیەوە، كەئەمە پرۆژەیەكە دژ بەعێراق‌و خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل دەكات، بابەتی هەوڵدان بۆ گێرانەوەو گۆرینی كەركوك بۆ شارێكی كوردی كەلەبنەرەتدا كەركوك شارێكی عێراقیەو جگە لەكورد عەرەب‌و توركمان بەشێكی زۆری ئەو شارە پێك دەهێنن، بابەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەبێ‌ گەرانەوە بۆ حكومەتی عێراقی، ناكرێت هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لەفرۆشتنی 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەبێ ئەوەی داهاتەكەی بداتە حكومەتی ناوەندی، بەڵام داوای بەشە بودجەی هەرێم بكات، ئاخر ناكرێت ئەو دۆخە تاسەر بەوشێوەیە بەردەوامبێت‌و پێویستە هەرێمی كوردستان هەنگاوی جدی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە ئەگەر بارودۆخەكان بەم شێویە بەردەوامیان هەبێت كێشەكان قوڵترو بەبێ‌ چارەسەر دەمێننەوە.