عەبدوڵا پەشێو دیوانێكی خۆی بە زمانی ئینگلیزی دەنێرێت بۆ جۆو بایدن


ژیان: 

شاعیرێكی كورد لەبارەی رەوشی رۆژئاوای كوردسستان و هەڵوێستی حكومەیت ئەمریكا لەبەرامبەر كورد نامەیەك بۆ جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا دەنێرێت و دیوانێكی خۆپی بە زمانی ئینگلیزی بۆ دەنێرێت.

عەبدولا پەشێو، شاعیری ناسراوی كورد، لە رۆژی 22ی ئەم مانگە نامەیەكی بۆ جۆو بایدن جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا ناردووە، تیایدا باسی لە خیانەتی سەرۆكی ئەمریكا كردووە لە كورد لەرۆژئاوای كوردستان ودیوانی خۆی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ناردووە. 

 نامەكە وەك پەشێو باسی دەكات "لە ڕێگەی وەشانخانەی ئەمەریكایی (دیپ ڤێڵڵووم) ەوە" بۆ ئۆفیسی جۆو بایدن، نێدراوە و ئەو لە پێشەكیەك كە لەگەڵیدا نامەكەی هاوپێچ كردووە دەڵێت "لە زووەوە بە دۆستێكێ كورد ناسراوە، هەرچەند من دەمێكە دەزانم، بەرژەوەندیی دەوڵەتان بەگشتی و قازانج و زیانی ماددی بەتایبەتی، تاكە فاكتۆری سستی و گەشەی دۆستایەتی و دوژمنایەتییە، بەڵام تۆ دەبێ وەستا بیت لەوەی ئەو كەسانە بدۆزیتەوە، كە لە قۆناخێكی مێژوویی دەستنیشانكراودا بەرژەوەندییان لەگەڵ تۆدا تەبایە".

دەقی نامەكەی عەبدوڵا پەشێو بە زمانی كوردی

بەڕێز جێگری سەرۆكی كۆمار
هەم بەجێهێنانی ئەركە، هەم شەرەفیشە بۆ من، بە شیعر و وەرگێڕان خزمەتی گەلەكەی خۆم بكەم. (نەخاسمە بەكوردیكردنی واڵت ویتمان).
من كاردانەوەی بەڕێزتانم بینی، دوای بڕیاری لەپڕ و وێرانكارانەی سەرۆك ترەمپ لەسەر كێشانەوەی لەشكرەكەی لە باكووری سووریا و بەجێهێشتنی شەڕڤانانی دڵسۆزی كورد و خەڵكی سیڤیلی بێگوناه، بۆ ئەوەی لەشكری توركیا و وەحشییە بەكرێگیراوەكانی قڕیان بكەن. لە كاتێكدا ترەمپ كارێكی سەرەڕۆیانەی كرد، ئێوە هەڵوێستێكی شەرەفمەندانەتان نواند. ئێوە وەبیرتان هاتەوە كە باكووری سووریا تاكە مەڵبەندێكی ئارام بوو، كە تێیدا گەلان، بە ژن و مێرەوە، بە هەموو زمان و دین و مەزەبەكانەوە، پێكەوە بە ئاشتی دەژیان و قەتیش لەم مەڵبەندەوە، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی هەبووە، دەستدرێژی نەكراوەتە سەر توركیا.

سەرۆك ترەمپ هەر بەوە قایل نەبوو هاوپەیمانانی بەجێ بهێڵێ، بەڵكو كەوتە سەودا و مامرەت لەگەڵ ئەردۆگان. ڕێی بەوە دا خاكی كوردان داگیر بكا و باری دێمۆگرافیش بە هەوەسی خۆی بگۆڕێ.

ئەگەرچی كورد نەتەوەیەكی گەورەیە، بەڵام دەوڵەتی نییە. سەرۆك ترەمپ هەڵەی كرد كە وای زانی دەتوانێ نەتەوەیەكی وا بفرۆشێ و بكڕێ. ئەوەی لەبیر چوو، كە كورد ڕەگیان قووڵ و نەفسیان بەرز و خۆبەهەند گرن.

بەڕێز بایدن، جێگری سەركۆمار، با كۆك بین لەسەر ئەوەی، ئەو گەلی كوردەی بەعەزرەتە لەسەر خاكی دیرۆكیی خۆی بەئاشتی بژی، لەدواییدا دواڕۆژ هەر دەباتەوە. دە لەگەڵمان بن، وەك چۆن پێشتریش لەگەڵمان بوون. لەگەڵ ئێمەیەك بن، كە بە تاریكترین ڕۆژانی مێژووی پڕ لە چەرمەسەری و كارەساتبارماندا تێدەپەڕین.

شتگیری بكەن لە ناوچەی دژەفڕین بە سەرپەرشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

كۆتایی بێنن بە ئاوارەیی و دەربەدەری. بەشێك بن لەو ئاشتییەی بەڕێوەیە.

هاوپێچ لەگەڵ ئەم نامەیەدا چاپی پێشوەختەی دیوانی خۆم بەزمانی ئینگلیزی دەنێرمە خزمەتتان، وەك نیشانەی پێزانینی ئەوەی بۆ دۆزی ڕەوای ئێمەتان كردووە. ئەگەر پێویست بكا، دەكرێ بە ناونیشانی وەشانخانە ئەمەریكاییەكەمەوە، كە لە سەرەوە نووسراوە، پەیوەندیم پێوە بكرێ.

عەبدوڵڵا پەشێو
هێلسنكی/ فینلەند
٢٠١٩/١٠/٢٢