نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بۆ ژیان: دروستبوونی پشێوی لە عێراق هیچ کات لە بەرژەوەندی ئێران نیە


ژیان:کۆچەر عەزیز
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەیەنێت: خۆپیشاندانەکانی عێراق بەشێکی ئەنجامی سیاسەتی رابردوە و بەشێکی دیکەش بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عێراق خۆی لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بە دوور گرتوە لە ناوچەکە.
  
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم  لە تاران لەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان) باس لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.
ژیان: رۆڵی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا چییە و تا چەند گرژی و ئاڵۆزییەکانی  عێراق پەیوەندی بە ململانێکانی نێوان ئەمریکاو ئێرانەوە هەیە؟
نازم دەباغ: من پێم وایە ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا روودەدەن لە عێراق بەشێکی ئەنجامی سیاسەتی رابردووەو بەشێکی دیکەشی ئەنجامی ئەو سیاسەتەیە  کە حکومەتی عێراقی لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا  خۆی بێلایەن گرتووە، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بێلایەنی هەڵبژاردوە، نە پشتیوانی ئەمریکا دەکات نە پشتیوانە لە دژایەتی ئێران بۆیە پێم وایە ئەو هۆکارانە ئەمڕۆکە دەکرێت دوژمنانی عێراق هەموو لایەنەکان سودی لێببین، دەبێت ئەوەش لەیاد نەکەین داواکاری خۆپیشاندەران داواکارییەکی رەوایە، دژی گەندەڵی و دادپەروەری گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و پەیداکردنی کارن کە  ئەمانە هەمووی داواکاری رەوان، ئەو خەڵکەی کە خۆپیشاندان دەکات دوو جۆر لە خەڵکن کەسانێکیان داواکاریەکەیان رەوایە، بەشێکی دیکەش لەئەنجامی ئەو سیاسەتەی عێراق هەیەتی کەسانێک دەستدەخەنە خۆپێشاندانەکان و بەڕێڕەوی  خراپیدا دەبەن، بە کوشتنی خەڵک و سوتاندنی دامودەزگاکانی حکومەت، هەروەها پەلاماردانی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە من وای دەخوێنمەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەبەرژەوەندی دانییە، هیچ کات پشێوی لە عێراقدا هەبێت، چونکە وڵاتێک بووە لەو وڵاتانەی کە بەلایەوە گرنگ بوو حکومەتی عێراقی ئێستا دامەزرا دڵخۆش بووەو پشتیوانیش بووە، بۆیە پێم  وانیە بە ئاسانی بکەوێتە داوی ئەوەی لە خزمەتی ئەوانە دا بێت کە بیانەوێت ئەمن و ئاسایش تێکبچێت، ئەویش ئەو رۆڵە ببینێت. 

 پێم  وانیە ئێران بە ئاسانی بکەوێتە داوی ئەوەی لە خزمەتی ئەوانە دا بێت کە بیانەوێت ئەمن و ئاسایشی عێراق تێکبچێت، ئەویش ئەو رۆڵە ببینێت 

 ژیان: ئەو لایەنانە کێن کە هەوڵی پشێوی دەدەن؟
نازم دەباغ: من ناتوان بە بێ بەڵگە پەنجەی تاوان بۆ هیچ وڵات و لایەنێک رابکێشم، بەڵام من بەهۆی وونم لە ئێران دەتوانم ئەو راستیە بڵێم کە هیچ کات لەبەرژەوەندی ئێراندا نەبووە عێراق پشێوی تێدا بێت.

ژیان: ئێران پشتگیری خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکات یان دژیەتی؟
نازم دەباغ: نا خۆ لە نێوان رەش و سپی شتێکی دیکەش هەیە ئێران نەیشاردوەتەوە کە داواکاری خۆپیشاندەران مافی رەوای گەلی عێراقە بەڵام دژ بێت یان پشتیوان بێت ئەمە کاری ئەو نیە کە بێت دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکات، بۆیە پێم وانیە ئێران تێکەڵ بێت بەو پشێوی و ئاژاوانەی کە ، بەڵام ئێران لەگەڵ ئەوەیە حکومەتی عێراقی بەرنامەی چاکسازی باش بکات و بتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و وەڵام بێت بۆ ئەو داواکاریانەی خۆپیشاندەرانی عێراق داوای دەکەن و لەرێگەی ئاشتیانە داواکارییەکانی خۆیان بگەینن.

ژیان: ئایا لای ئێران هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کوێی نەخشەی سیاسی عێراقەوە و لە ئێستادا رۆڵی چیە؟
نازم دەباغ: بەلای ئێرانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیە لە پێکهاتەی ئەمڕۆ و ئایندەی عێراق بۆیە هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەیە لە پەیوەندییەکانیدا چ راستەوخۆ چ ناراستەوخۆ، بەڵام هەموو رەچاوکردنێک دەرباری پەیوەندیەکان و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانن لەچوارچێوەیی ئەو یاسایەدایە کە لەعێراقدا پێی دەوترێت دەستوری هەمیشەیی عێراق له پشتیوانە لە هەرێمی کوردستان  و حکومەتی عێراقی بۆیە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە خانەی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە.

ژیان: ئێران لە ئێستادا هەرێم بە هاوپەیمان یان رکابەری خۆی دەزانێت؟
نازم دەباغ: هەرگیز ئێران هەرێمی بە رکابەری خۆی نەزانیوە هەمیشە بە هاوپەیمانی خۆی زانیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەک پارچەدا بێت.

ژیان: بەلای ئێرانەوە تا چەند کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم مەرغوبە یاخود رکابەری دەکات؟
نازم دەباغ: رکابەری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا نیە، چونکە لە سەرەتادا پاڵپشتی بۆ دەربڕیوە بەردەوام شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێم تا دوا خۆپیشاندانەکانی عێراقیش شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی بەرپرسانی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانیان کردوە  هەموو حکومەتەکانی هەرێم لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەکانیان زۆرباشبووە بە کابینەی نۆیەمیشەوە.

ژیان: بەشێک لەمیدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە رۆژنامەنووس (عەبدوڵا زام)  لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان گیراوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم رەتیانکردەوە، بۆچی دەستگیرکردنی ئەو ڕۆزنامەنووسە درایە پاڵ هەرێم ئێوە هیچ بەدواداچونێکتان کردوە بۆ راستی و دروستی ئەو بابەتە؟

نازم دەباغ: من کۆمێنتم لەسەر ئەو بابەتە نیە، بەڵام راستی و دروستی تێدا نیە کە ئێران وتبێتی لەسەر سنوری هەرێم گیرابێت، بەڵکو لە چالاکیەکی تایبەتی خۆیاندا بووە کە ئەو رۆژنامەنووسەیان لە دەرەوەی مەرزی ئێران گرتوە، بەڵام میدیای فەرمی ئێران وای نەوتوە، بەڵام ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت نێوانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران تێکبچێت و تانەی لێبدەن ئەو قسانە دەکەن.

ئێران لەگەڵ چەسپاندنی دامودەزگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە وە لە هەماکاتیشدا لەگەڵ هەماهەنگی و رێکەوتنی سیاسیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا

ژیان: مەبەستت لەو لایەنانە کێیە؟
نازم دەباغ: لە نێوان  کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆر جێگەی تر کێشە و ململانێ هەیە هەر یەکە بە پێی ئەو زانیاریانەی پێیدەگات بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی مانشێتەکان بەرزدەکاتەوە  من تا ئێستا لە هیچ میدیایەکی فەرمیەوە گوێم لێنەبوە کە ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر سنوری هەرێی کوردستان گیرا بێت بەڵکو ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەو ڕۆژنامەنووسە لەگەڵ دەزگا جاسوسیەکانی دەرەوە دەستی تێکەڵکردوە لەسەر ئەوە دەستگیرکراوە بەڵام من دڵنیات دەکەمەوە کە لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان دەستگیر نەکراوە.

ژیان: ئەگەر ئەنجومەنێکی باڵای سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دروست بکرێت ئایا ئێران پشتگیری ئەو ئەنجومەنە دەکات؟
نازم دەباغ: من ئەوەی دەیزانم ئێران لەگەڵ چەسپاندنی دامودەزگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە وە لە هەماکاتیشدا لەگەڵ هەماهەنگی و رێکەوتنی سیاسیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا بۆ ئەو بابەتەش ئەوە شتێکی ناوخۆییە ئەگەر هەرێمی کوردستان خۆی بریار بدات بەدڵنیاییەوە ئەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان پێی باش بێت بۆ چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش تەبایی بۆ بەرێوەبردنی ناوچەکە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیی باشە.