سەرکەوت شەمسەدین: هیچ خولیکی پەرلەمانی کوردستان وەک ئەم خولەی ئێستا زەلیل نەبووە


ژیان:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەوەتەی پەرلەمانی کوردستان دروستبووە، تائێستا هیچ خولێک هێندەی ئەم خولەی ئێستا زەلیل و بێ دەسەڵات نەبووە، دەشڵێت" هاوڵاتیانی کوردستان ئێستا لە هەموو کات زیاتر بێ کەس و بێ پاڵپشتین و خاوەنی شتێک نین بەناوی پەرلەمان".

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بابەتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی"حزبەکانی دەسەڵات (پارتی+یەکێتی+گۆڕان) بە بەشکردنی کێکە کە فاتیحایان لەسەر پرۆژەی بەناو چاکسازی خوێندوە، ئەوانەی دەرەوەی دەسەڵات (نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ) هەندێکیان بە وەرگرتنی بودجە لە دەسەڵا و هەندێکیشیان بە ترس و تۆقاندن بێدەنگکران".

دەشڵێت" هەندێکیشیان (نەوەی نوێ بە نمونە) بە سەفقەی ژێر بەژێر و بێدەنگبونی دەسەڵات لە قەرزی کۆمپانیاکانیان و سرکردنی مەلەفەکانی دادگا لەسەریان نوزەیان لێبراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە"خەڵکی کوردستان ئێستا لە هەموو کات زیاتر بێ کەس و بێ پاڵپشتین و خاوەنی شتێک نین بەناوی پەرلەمان".

ناوبراو باسیلەوەشکردوە، عێراق ئەوە بۆ جاری سێ یەمە، کە وەک وەڵام دەرەوە بۆ خۆپیشاندەران و فشاری شەقام مل بۆ چەندین چاکسازی گرنگ ئەدات، لە کاتێکدا لە کوردستان خەڵکیان خەڵتانی خوێنکرد، نە چاکسازیان کرد، و نە تەقەکەر موحاسەبە کرا.

 دەشڵێت" لە کوردستان موچە لە کاتی خۆی نادرێ و بێکاری زیادیکرووە،گەندەڵی تەشەنەی کردوە و  نەوت لە جاران زیاتر تاڵان ئەکرێ و خانەنشینی نایاسایی و پلە تایبەتەکان بە دەیان هەزارە.

ئاماژەی بەوەشکردوە" بپرسن پرۆژەی چاکسازیەکە کوردستان چی لێ هات؟بۆ یەک پەرلەمانتاری کوردستان نوزەی لێوەنایەت و فشار ناکات؟ موچەی پەرلەمانتارانی کوردستان لەوەی عێراق زیاترە لە کاتێکدا هیچ کارێکی گرنگ ناکات و بێ نوزەیە.

هەروەها نوسیویەتی "تەواوی هێزە بەشدارەکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بەرپرسن لەم بێ دادی و تاڵانکاریەی کوردستان بە دەسەڵات (پارتی، یەکێتی، گۆڕان) و دەرەوەی دەسەڵات (ئیسلامیەکان، نەوەی نوێ، کەمینەکان) و شەریکی ئەو تاڵانکاریەن، هەموان بە شێوەیەک لە شێوەکان بێدەنگ کراون.